رووداو دیجیتاڵ
شرۆڤەکارێکی بۆرسە پێشبینی دەکات لە ساڵی 2026 زێڕ بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوە و شارەزایەکی بازاڕە داراییەکانیش پێیوایە، هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی زێڕ ئەوەیە کە زێڕ لە خشڵ و کاڵایەکی جوانکارییەوە ئێستا گۆڕاوە بۆ کاڵایەکی وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری لە جیهان.
نرخی زێڕ پێوانەی نوێی تۆمار کرد و نرخی ئۆنسەیەک بۆ ماوەیەکی کورت گەیشتە 4,530 دۆلار و دواتر کەمێک دابەزییەوە.
ئازاد گەیلانی، شرۆڤەکاری بۆرسە کە لە لەندەنەوە بەشداریی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی کردبوو گوتی: "بەرزبوونەوەی زێڕ لەسەر بنەمای تیۆری ناخەمڵێندرێت و ئێستا زێڕ بووەتە پەناگەی هەموو دراوەکانی جیهان".
ئەو شرۆڤەکارە گوتی، "پێشبینیی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ دەکرێت لە 2026 و بەهۆی کەمکردنەوەی سوودی بانکی هەموو بانکە جیهانییەکان یەدەگی زێڕیان بەرز دەکەنەوە".
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، کاروان فەتحی، شارەزای بازاڕە داراییەکان گوتی: "ئاڵۆزییەکانی جیهان بەهای زێڕیان ناجێگیر کردووە و بانکە ناوەندییەکانی جیهان بۆ خۆپاراستن لە هەڵاوسان پەنا بۆ کڕینی زێڕ دەبەن".
باسی لەوەش کرد، "زێڕ ئێستا لە خشڵەوە گۆڕاوە بۆ وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری، ئاستەمە دۆلار جارێکی دیکە بەهێزبێتەوە لە بەرامبەر زێڕ".
وریا یاسین، بازرگانی زێڕیش دەڵێت: "زێڕ بەرزترین نرخی تۆمارکرد و لە هەرێمی کوردستانیش خەڵک هەیە تاکسییەکەی دەفرۆشێت بۆ کڕینی زێڕ".
بە گوتەی وریا یاسین، "شانبەشانی زێڕ، بەهای زیو بەرزدەبێتەوە و لە ماوەی هەفتەیەک زۆرترین بەرزبوونەوەی تۆمار کردووە".
ئەو بازرگانە گوتی، "ئێستا مامەڵەکردن بە زێڕ مەترسیدار بووە بەهۆی پەیدابوونی زێڕی ساختە یان زێڕێک کە کانزا و مادەی دیکەی تێکەڵکراوە". ئاماژەی بەوەش کرد، "بازاڕی زێڕ لە هەرێمی کوردستان خاوێنە و زێڕی ساختە لە بازاڕەکانی هەولێر نییە بەهۆی چاودێریی تووندی بازاڕەکان".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ