رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتیی واژۆکردنی رێککەوتنێکی لەگەڵ کۆمپانیای شێڤرۆنی ئەمریکی بۆ پەرەپێدانی چەند کێڵگەیەکی نەوتی لە ناسریە و بەلەد کرد. سوودانی رایگەیاند، حکومەتەکەی رێبازێکی جیاوازی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی بواری نەوت گرتووەتەبەر.
ئەمڕۆ سێشەممە 19ی ئابی 2025 بە سەرپەرشتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، رێککەوتنێک لەنێوان وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای شێڤرۆنی ئەمریکی واژۆ کرا.
بەشێکی سەرەکی رێککەوتنەکە تایبەتە بە پڕۆژەی ناسریە کە لە چوار بلۆکی گەڕان پێکدێت، لەگەڵ پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتی بەلەد و چەند کێڵگەیەکی بەرهەمهێنەری دیکە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ فرانک ماونت، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای شێڤرۆن و شاندی یاوەری، سوودانی بەخێرهاتنی کۆمپانیاکەی کرد بۆ کارکردن لە عێراق و گوتی، "حکومەت رێبازێکی جیاوازی لە مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی نەوت و وەبەرهێنانەکانیان لە عێراقدا گرتووەتەبەر، بەتایبەتی لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەمریکا."
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستخۆشی لە کۆمپانیاکە کرد بۆ گواستنەوەی تەکنەلۆژیای نەوت بۆ عێراق، هەروەها بۆ ئەو سیاسەتە ژینگەییە دروستانەی لە کارەکانیدا پەیڕەوی دەکات.
محەممەد شیاع سوودانی جەختی لە ستراتیژیبوونی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا کردەوە و رایگەیاند،حکومەت کار بۆ هێنانی کۆمپانیاکان دەکات بۆئەوەی لە عێراق کار بکەن، هاوکات گرنگی بە بەرزکردنەوەی ئاستی کەرتی نەوت دەدات، چ لە بوارەکانی بەرهەمهێنان و پاڵاوتن، چ لە سوودوەرگرتن لە گازی هاوەڵ و گازی سرووشتی و بەکارهێنانی نوێترین تەکنەلۆژیا.
لای خۆیەوە، فرانک ماونت ئاماژەی بەوە کرد، کۆمپانیای شێڤرۆن پەرۆشی کارکردنە لە عێراق، چونکە وڵاتێکە دەرفەت و توانای سرووشتی و مرۆیی بەرزی هەیە.
ماونت جەختی کردەوە، کۆمپانیاکەیان بەردەوام دەبێ لە دروستکردنی هاوبەشییەکی درێژخایەن لەگەڵ عێراق کە ئێستا سەقامگیریی ئەمنی تێدا بەرقەرارە. روونیشیکردەوە کە کار بۆ هێنانی تەکنەلۆژیای نوێ و باشترین شارەزا بۆ وەبەرهێنان لەو وڵاتە دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ