رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوە لەگەڵ بەغدا رایدەگەیێنێت، هاوڕابوون ئاستەنگەکانی بەردەم مووچە لاببرێن و بڕیاردراوە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی هاوبەش بکرێت، کە تێیدا بڕیاری پێویست لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بدرێت.
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەکە رۆژی دووشەممە 20ی کانوونی دووەمی 2025، بە سەرپەرشتی د. فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری و ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون بەشداربوون.
شاندی حکومەتی فیدراڵیش پێکهاتبوون لە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق و بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، "لە کەشێکی ئەرێنی و بەرپرسیارانەدا"، هەردوولا گفتوگۆیان لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 کرد، "هاوڕابوون لەسەر ئەوەی هەموو هەوڵەکان بخرێنەگەڕ بۆ لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەم ساڵدا."
هاوکات، داواکارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان "بۆ ناردنی ئەو شایستانەی کە ساڵی رابردوو نەنێردراون، بە داتا و بەڵگەی فەرمی خرانەڕوو و گفتوگۆیان لەبارەوە کرا."
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، هەردوولا رێککەوتن کە کۆبوونەوەکان بەردەوام بن و رۆژی یەکشەممەی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی هاوبەش بکرێت، کە تێیدا "بڕیاری پێویست لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بدرێت و راسپاردەی پێویستیش ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بکرێت."
هەر لە کۆبوونەوەکەدا "بڕیاردرا تیمێکی هاوبەش لە هەردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت، و لە سبەی سێشەممەوە تیمەکە لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەستبەکاربن و ئامادەکاریی پێویست بکەن بۆ کۆبوونەوەی سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەسەر ئەرک و پابەندییەکانی هەردوولا بۆ ساڵی 2025."
هەر ئەمڕۆ شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، لەگەڵ جێگری سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کۆمەڵی دادگەری، یەکگرتووی ئیسلامی و بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە.
وەزارەتی دارایی دەڵێت: "لە کۆبوونەوەکەدا دەرئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان بۆ ئامادەبووان خرایەڕوو. هەردوولا جەختیان لە پێویستی هاوکاری و هەماهەنگی بۆ ئەم قۆناخە کردەوە، تاوەکو بە هاوبەشی داکۆکی لە ماف و شایستەکانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ