رووداو دیجیتاڵ
دەیەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ ئۆتۆمبێل بە سپۆنسەری میدیایی تۆڕی میدیایی رووداو کرایەوە، تێیدا ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی نوێ نمایش دەکرێن.
پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ ئۆتۆمبێل ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 20-2-2025) لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرایەوە. پێشانگەکە ماوەی 4 رۆژ بەردەوام دەبێت و 23-2-2024 کۆتاییدێت.
پێشانگەکە، رۆژانە لە کاژێر 11:00 تاوەکو 19:00 کراوە دەبێت، تێیدا 12 کۆمپانیای ئۆتۆمبێل 19 براند و جۆری نوێی ئۆتۆمبێل پێشاندەدرێن.
160 کۆمپانیای جوانکاریی ئۆتۆمبێل و پارچەی یەدەگیش بەشداری دەکەن، لەوانە 40ـیان نێوخۆیین و 120ـی دیکەش لە دەرەوە هاتوون، بەگشتی نزیکەی 90 کۆمپانیا چینین، ئەوانەی دیکە هەشتیان ئێرانین، 6 تورکی، 6 هیندی و 2 کۆمپانیاش لە یۆنانەوە بەشدارن.
بازاڕی ئۆتۆمبێل لە عێراق و هەرێمی کوردستان
بەپێی داتایەکی "فۆکەس تو موڤ - FOCUS 2MOVE" کە سەرنجی لەسەر پیشەسازی و بازاڕی ئۆتۆمبێلە؛ بازاڕی ئۆتۆمبێل لە عێراق لە ساڵی 2024ـدا بەڕێژەی 27.5% گەشەی کردووە.
هەر بەپێی داتاکانی فۆکەس تو موڤ کە دامەزراوەیەکی هەواڵییە؛ 5 ساڵی لەسەر یەکە بازاڕی ئۆتۆمبێل لە عێراق گەشەدەکات، تۆیۆتا و کیا بە یەک لەسەر سێی بازاڕ پێشەنگ بوون، سوزووکی و جێتۆر خێراترین گەشەیان هەبووە، هەروەها خواست لەسەر ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە ساڵی 2024ـدا بە رێژەی 164% زیادبووە و، 2.42%ـی کۆی فرۆشی ئۆتۆمبێلی پێکهێناوە.
لەو براندانەی لە 2024ـدا بازاڕی عێراقیان گرتووە؛ تۆیۆتا لە پلەی یەکەم دێت کە بازاڕەکەی بە رێژەی 35.9٪ گەشەی کردووە، پاشان کیا و دواتر هیۆندای، لە پلەی چوارەم ئۆتۆمبێلی جۆری MG دێت پاشان سوزووکی، لەنێو زۆرترین فرۆشراوەکانی ئۆتۆمبێلیش دا، تۆیۆتا هایلۆکسە دوای ئەو کیا فرۆنتایەر دێت.
لە کوردستان بە سێ کەس ئۆتۆمبێلێکیان بەردەکەوێت
بەپێی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، لە هەرێمی کوردستان نزیکەی دوو ملیۆن و 350 هەزار ئۆتۆمبێل هەن، 2 ملیۆن و 200 هەزاریان لە وەزارەتی ناوخۆ تۆمارکران و 150 هەزاریشیان تۆمارنەکراون.
لە هەولێر نزیکەی یەک ملیۆن و 200 هەزار ئۆتۆمبێل، سلێمانی 670 هەزار ئۆتۆمبێل و دهۆک 500 هەزار ئۆتۆمبێل هەن.
سەرەڕای جەنجاڵیی شەقام و رێگەوبانەکان و زۆریی ژمارەی ئۆتۆمبێل، هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل وەکو پێشتر بەردەوامە و بگرە زیاتریش بووە، بەپێی بەدواداچوونێکی رێکخراوی سەلامەتیی رێگەوبان، ساڵانە 100-120 هەزار ئۆتۆمبێل هاوردە دەکرێن.
رێکنەخستنەوەی گواستنەوەی گشتی و زۆریی ژمارەی ئۆتۆمبێل کێشەی دروست کردووە، ئەوە جگە لە پیسکردنی ژینگە و فڕێدانی گازی زیانبەخش، بەڵام هەندێک ئاماژەش هەن لە کوردستان کە خواستی خەڵك بۆ ئۆتۆمبێلی کارەبایی رووی لە زیادبوونە، ئەو خواستەش هاوکاتە لەگەڵ خواستێکی گشتیی لە جیهاندا بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانە.
بەپێی ئامارێکی ڤیرتا گڵۆباڵ، بازاڕی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان لەماوەی 8 ساڵدا برەوی هەبووە. لە ساڵی 2015 تەنیا پێنج ملیۆن ئۆتۆمبێلی کارەبایی هەبوون، بەڵام لە 2023 ژمارەیان گەیشتووەتە زیاتر لە 40 ملیۆن.
زۆرترین گەشەی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە لە چین بووە، پاشان ئەورووپا دواتر ئەمریکا. چین 8 ملیۆن و 100 هەزار ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە 2023ـدا فرۆشتووە، ئەورووپا 3.2 ملیۆن ئۆتۆمبێل و ئەمریکاش 1.4 ملیۆن ئۆتۆمبێل.
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، ژمارەی ئۆتۆمبێلی کارەبایی دیار نییە، بەڵام ژمارەی وێستگەی بارگاویکردنی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان زیادبووە، ئەمەش نیشانەیێکە بۆ زیادبوونی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە، کە تەنیا لە هەولێر نزیکەی 12 وێستگەی بارگاویکردن هەن. ئاڵنگاری و گرفت ئەوەیە؛ لە نێوان شارەکاندا ئەو وێستگانە دانەنراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ