سەردەمی راگوزەری وزە بەڕێوەیە

20-09-2019
عومەر ئەحمەد
نیشانەکردن وزە
A+ A-

لە ماوەی 4 رۆژدا 15 هەزار ئەکادیمیست و شارەزا و 70 وەزیر و بەرپرسی حکومی لە 150 وڵاتی جیهانەوە دوایین گۆڕانکارییەکانی کەرتی وزەی جیهانیان لە شاری ئەبوزەبی لە میانەی 24 ەمین کونگرەی جیهانیی وزە تاوتوێ کرد. تیمیكی تۆڕی میدیایی رووداو رووماڵی ئەم رووداوە گەورەیەی کرد. 

لە 10 ساڵی رابردوودا بەهۆی کارەساتە سرووشتییەکان و دیاردەی گەرمبوونی زەوی و گۆڕانی کەشوهەوا نیگەرانییەکان زۆربوون سەبارەت بەوەی کە چۆن رێگری بکرێت لە تێکچوونی زیاتری کەشوهەوا و کۆنترۆڵکردنی کاریگەرییەکانی ئەو دیاردەیە لەسەر ژیانی مرۆڤ.

بۆ دابینکردنی وزە و بەدیاریکراوی وزەی کارەبا زیاتر لە سەدەیەکە مرۆڤ پشتی بە سەرچاوەکانی وەک خەڵووز و نەوت و گازی سرووشتی بەستووە کە بە هۆکاری سەرەکی پیسکردن و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا ئەژمار دەکرێن. کاریگەری بەکارهێنانی ئەو جۆرە سووتەمەنییانە کە بە سووتەمەنی فۆسیل ناسراون لەسەر ژینگە، هێندە بەرفراوانە کە لە کۆنگرەی جیهانیی وزەی ئەمساڵ بانگەواز بۆ کەمتر بەکارهێنان و کۆنترۆڵکردنیان کرا. 

بەپێی لێکۆڵینەوە زانستییەکان، بەکارهێنانی سووتەمەنی فۆسیل بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، سەرچاوەی سەرەکی درووستکردنی گازی دوانە ئۆکسیدی کاربۆنە کە بە هۆکاری سەرەکی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و گەرمبوونی زەوی ناسراوە. دوانە ئۆکسیدی کاربۆن بەشی سەرەکی گازە زیانبەخشەکان پێکدەهێنێت.

رێککەوتنی پاریس

لە ساڵی 2015 دا، 196 وڵات و لایەنی نێودەوڵەتی لە پاریس رێککەوتنێکیان واژۆ کرد بۆ ئەوەی ئەو وڵاتانە هەوڵی جددی بدەن بۆ کۆنترۆڵردنی ئەو گازە زیانبەخشانەی کە سات بە سات و رۆژ بە رۆژ دەکرێتە بەرگەهەواوە، بەئامانجی ئەوەی پلەی گەرمیی زەوی زیاتر نەبێت لە 2 پلەی سیلیسی کە زانایان پێیانوایە ئەگەر ئەوە رووبدات مەترسی گەورەی لێدەکەوێتەوە، سەهۆڵەکان لە جەمسەری باکوور و باشوور دەتوێنەوە و ئاستی ئاوی ئۆقیانووسەکان بەرز دەبێتەوە و بەشێک لە شارەکان دەکەونە ژێرئاوەوە و سەدان زیانی دیکەی لێدەکەوێتەوە. 

پارادۆکسی سەرەکی ناو رێککەوتنی پاریس ئەوەیە کە وڵاتان پێویستیان بە بەرهەمهێنانی کارەبا هەیە، تەنانەت پێویستییەکانیان بە کارەبا لەبەر زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و گەشەسەندنی زیاتری ئابووری ساڵ لە دوای ساڵ زیاتر دەبێت. کەواتە چۆن کاربکەن بۆ کەمکردنەوەی بڕی گازە زیانبەخشەکان لە کاتێکدا درووستبوونی ئەم گازە زیانبەخشانە هاوتەریبە لەگەڵ گەشەی پیشەسازی و ئابووری. 

وەڵامەکەی بەکارهێنانی سەرچاوەی وزەی پاکترە. گۆڕینی سەرچاوەکانی وزە بۆ ئەو سەرچاوانەی کە ژینگە پیس ناکەن یان کەمتر ژینگە پیس دەکەن لێکەوتەیەکی رێککەوتنی ژینگەیی پاریسە کە ئەنجوومەنی وزەی جیهان بە "شۆرشە گەورەکە" ناوزەدی کردووە. 

شۆڕشی گەورەی وزە

بەکارهێنانی سووتەمەنی فۆسیل (خەڵووز و نەوت و گاز) بەڕێژەی 78% هۆکاری سەرەکی گەرمبوونی زەوین. ساڵ لە دوای ساڵیش ئەم رێژەیە بەهۆی بەکارهێنانی زیاتری ئەو جۆرە سووتەمەنییانە زیاد دەبێت. گۆڕینی سەرچاوەکانی سووتەمەنی فۆسیل هێندە ئاسان نییە. گۆڕانکاری لە سیستمی ئێستای وزەی جیهان گۆڕانکارییەکی گەورە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا درووستدەکات، چونکە هەموو لایەنێکی ژیانی جیهانی نوێ بەندە بە وزەوە. 

لەبەر ئەوە شارەزایانی سەر بە ئەنجوومەنی وزەی جیهان ئەم سەردەمەیان بە گۆڕانە گەورەکە ناوزەد کردووە و دەلێن تاوەکوو ساڵی 2040 قوناخێکی گەورەی راگوزەر لە سەرچاوەکانی سووتەمەنی فۆسیلەوە بۆ سەرچاوەی پاکتر دەستپێدەکات. گەورەترین تەحەدداش لەم سەردەمەدا ئەوەیە چۆن ژێرخانی وزەی ئێستا کە بۆ سووتەمەنییە فۆسیلییەکان دیزاین کراوە، بگۆڕدرێت بۆ سەرچاوەی سووتەمەنی نوێ. 

ئەمە دەبێتە ئەرکێکی گەورە لە سەرشانی پیشەسازییەکان و کۆمپانیا گەورەکانی بەرهەمهێنەری وزە کە دەبێت خۆیان بۆ سەردەمی ڕاگوزەر ئامادە بکەن و ئاراستەی وەبەرهێنانەکانیان بگۆڕن.

وزە نوێبووەوەکان

سەرچاوەکانی وزەی بەدەر لە سووتەمەنیی فۆسیل وەک وزەی با و وزەی خۆر و شەپۆلەکانی دەریا و سووتەمەنییە سەوزەکانی دیکە وەک سووتەمەنی هایدرۆجینی بە وزە نوێبووەوەکان دەناسرێن. تاوەکوو چەند ساڵ لەمەوبەر تێچووی بەرهەمهێنانی کارەبا لەم جۆرە سووتەمەنییانە چەندین هێندەی سووتەمەنیە فۆسیلییەکان بوو، بەڵام بە یارمەتی تەکنۆلۆجیا و داهێنانە بەردەوامەکان لەم بوارەدا، ئێستا دابینکردنی کارەبا لەرێگەی وزە نوێبووەوەکان توانای رکابەری هەیە لەگەڵ سەرچاوەکانی فۆسیل. 

بۆ نموونە لە ئەمریکا، بەپێی نوێترین لێکۆڵینەوەکان 75% ی ئەو کارەبایە کە لە رێگەی سووتاندنی خەڵووزەوە بەرهەمدێت، ئێستا تێچووەکەی زیاترە لە تێچووی بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی سەرچاوە نوێبووەوەکانەوە. لەبەر ئەوە هیوایەکی گەورە هەیە کە بەکارهێنانی خەڵووز نە تەنیا لە ئەمریکا، بەڵکو لە وڵاتانی دیکەی جیهانیش کۆتایی بێت و جێگەی خۆی بە وزە نوێیەکان بدات.

بەپێی ئەو راپۆرتە زانستییانە، بەکارهێنانی وزە نوێبووەوەکان چیدیکە بەتەنیا کارێک نییە بە ئاراستەی ژینگەپارێزی، بەڵکو کارێکی بازرگانییە و قازانجداریشە. پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2020 دا تێچووی بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی سەرچاوە نوێیەکانەوە زیاتر دابەزێت. 

ئێستا تێچووی بەرهەمهێنانی یەک کیلۆوات کارەبا لە هەر کاژێرێکدا لەرێگەی سووتاندنی بەرهەمە نەوتییەکان و سووتەمەنی فۆسیل لە نێوان 0.05 دۆلار تاوەکو 0.17 دۆلارە. بەڵام بەپێی دوایین خەمڵاندنەکان لە 2020 دا تێچووی بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی سەرچاوە نوێیەکانەوە 0.03 دۆلار تاوەکو 0.10 دۆلار دەبێت.

کێشەیەکی دیکەی وزە نوێبووەوەکان ئەوەیە کە قەبارەی بەرهەمهێنانی کارەبا لەرێگەی ئەو سەرچاوانە بەپێی وەرز و کاتەکانی ساڵ دەگۆڕێت و بەوپێیەش گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبا هێندە ئاسان نییە. بەڵام دیسان داهێنانی کۆمپانیا پیشەسازییەکان لەم بوارەدا بوونەتە هۆکار بۆ ئەوەی بتوانرێت لەو کاتانەی کە کارەبای زۆر بەرهەمدێت، وزە پاشەکەوت بکرێت بۆ ئەو کاتانەی کە کارەبا کەمتر بەرهەمدێت و لەم نێوەندەشدا کۆمپانیاکانی وەک سیمێنس و جێنراڵ ئەلێکتریک پێشەنگن کە توانیویانە بە تێکەڵکردنی وزەی پاک لەگەڵ وزەی ئاسایی و فۆسیل، وزەیەکی خاوێنتر و جێگیرتر بگوازنەوە بۆ بەکارهێنەران.

گرینگیی گازی سرووشتی

گازی سرووشتی کە خۆی یەکێکە لە چەشنەکانی سووتەمەنی فۆسیل، بەراورد بە خەڵووز و نەوت لە رووی ژینگەییەوە جێگەی بایەخە، چونکە کەمتر ژینگە پیس دەکات. بەکارهێنانی گازی سرووشتی لە وێستگەکانی کارەبا بەراورد بە بەکارهێنانی گازوایل بەڕێژەی 20% گازی زیانبەخشی کەمتر درووستدەکات و بەراورد بە خەڵووزیش بەڕێژەی 50%. 

ئەمە ئەو گرینگییەیە کە گازی سرووشتی هەیەتی. بەپێی ئەنجوومەنی جیهانیی وزە، لە قۆناغی ڕاگوزەردا دەبێت گازی سرووشتی شوێنی خەڵووز و بەرهەمە نەوتییەکانی وەک گازوایل و نەوتی رەش بگرێتەوە. لێرەدایە کە لە قۆناغی ڕاگوزەری وزە، هەرێمی کوردستان پێگەیەکی گرینگی دەبێت بەو پێیەی کە دەوڵەمەندە بە گازی سرووشتی و جگە لە دابینکردنی خواستی ناوخۆ بۆ وزەی کارەبا و پیشەسازییەکان، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ وڵاتانی دیکەش.

رۆڵی تەکنۆلۆجیا

قۆناغی ڕاگوزەری وزە دەستیپێکردووە. چیدی نەوت و گاز و خەڵووز بەتەنیا ئەو ماددە بەنرخ و ستراتژییە نین کە وڵاتان کارەبای لێ بەرهەمدەهێنن. بەڵکو ئێستا دەتوانن لەرێگەی کەڵکوەرگرتن لە با و هەتاو و شەپۆلەکانی دەریا و رووبار و ئەقیانووسەکان و چەندین سەرچاوەی دیکە کە تەواو نابن و سنوورداریش نین، بەشێکی بەرچاو لە کارەبای پێویستی خۆیان بەرهەمبهێنن. ئەم گۆڕانکارییە خێرایە بەهۆی ئەوە سەریهەڵداوە کە پیشەسازی و تەکنۆلۆجیا بەرهەمهێنانی کارەبای لەڕێی سەرچاوە نوێیەکان هەرزانتر کردووە و لە داهاتوویەکی زۆر نزیکیشدا تێچووەکانیان تەنانەت کەمتریش دەبن لە سەرچاوەکانی ئێستای بەرهەمهێنانی کارەبا. کۆمپانیا گەورەکانی جیهان هەر لە ئێستاوە وەبەرهێنانی زەبەلاحیان لە وزە نوێبووەوەکان کردووە. 

تەنانەت ئەو بانک و سندووقە گەورانەی کە پێشتر لە نەوت و گازدا وەبەرهێنانی گەورەیان دەکرد، ئێستا روویان لە وەبەرهێنانی گەورە کردووە لە سەرچاوە نوێبووەوەکان. بەرێوەچوونی کۆنگرەی جیهانیی وزە لە وڵاتێکی نەوتیی وەک ئیمارات کە رۆژانە لە سەرووی 2 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت، بەو واتایەیە کە وڵاتە نەوتییەکانیش دەبێت خۆیان بۆ ئەم راستییە ئامادە بکەن. هەر لەبەر ئەویە زۆربەی وڵاتانی دەوڵەمەند بە نەوتی کەنداو وەبەرهێنانی گەورەیان لەم بوارەدا کردووە و ئێستا لەڕووی گەورەیی پرۆژەکان و قەبارەی وەبەرهێنانەکان لە وزە نوێبووەوەکان لە جیهاندا پێشەنگن. 

هەرێمی کوردستانیش دەبێت جددیتر لەم بابەتە بڕوانێت و سەرچاوەکانی دابینکردنی وزەی خۆی هەمەڕەنگ بکات. وەک چۆن کریستۆ بۆنیۆ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای کیواتی فینلاندی بە ئێمەی گوت، هەرێمی کوردستان هەتاوی باش و چیای بەرزی هەیە و دەتوانێت بەباشی سوود لە وزەی خۆر و با وەربگرێت بە مەرجێک پلانێکی باش بۆ ئەو مەبەستە ئامادە بکات و ئاگاداری دوایین گۆڕانکارییەکان لەم بوارە بێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە