نرخی نەوتی برێنت نزیکبووەوە لە 67 دۆلار

21-08-2025
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کەمبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا، ئەمڕۆ پێنجشەممە پاڵپشتی بۆ نرخەکانی نەوت دروستکرد.
 
لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 13 سەنت بەرزبووەوە و بە 66 دۆلار و 97 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 15 سەنت بەرزبووەوە و بە 62 دۆلار و 86 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
بەپێی رووپێویی ناوەندەکانی وزە، هەفتەی رابردوو، قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا 6 ملیۆن کەمیکردووە و دابەزیوە بۆ 420.7 ملیۆن بەرمیل. قەبارەی بەنزینی کۆگاکراویش 2.7 ملیۆن بەرمیل کەمیکردووە.
 
کەمبوونەوەی قەبارەی نەوت و بەنزین لە ئەمریکا، ئاماژەیە بۆ بەرزبوونەوەی خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت لەو وڵاتە.
 
دانییەل هاینێس، شرۆڤەکاری سەر بە بانکی ئۆستراڵیی نیوزلاندی لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بەرزبوونەوەی خواست لە ئەمریکا نرخی نەوتی بەرزکردووەتەوە."
 
لەلایەکی دیکەوە تاوەکو دێت ئاسۆی کۆتاییهاتنی جەنگ لە ئۆکراینا کاڵ دەبێتەوە.
 
ئەمریکا و ئەورووپا سەرقاڵی تاوتوێکردنی بابەتی گەرەنتیی ئەمنین بۆ ئۆکراینا لە دوای ئاگربەست و ئەگەری کۆتاییهاتنی جەنگ. 
 
رووسیا رایگەیاندووە ئەو هەوڵانە بەبێ بەشداریی مۆسکۆ هیچ ئەنجامێکی نابێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە