رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق دەڵێ، لە ساڵی 2025دا 20 هەزار قەرزی نیشتەجێبوون لە رێگەی سندووقی نیشتەجێبوونەوە دراوەتە هاووڵاتییان و ئێستا سەرقاڵی وردبینیکردنی مامەڵەی پێشکێشکارانی پێشوون.
نەبیل سەفار، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 22ی شوباتی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ژمارەی قەرزەکانی نیشتەجێبوون کە ساڵی رابردوو لە رێگەی سندووقی نیشتەجێبوونەوە دراون، دەگاتە 20 هەزار قەرز."
سەبارەت بە قەبارەی داواکارییەکان، گوتەبێژەکەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ئاماژەی بەوە کرد، نزیکەی 27 هەزار داواکاری لە رێگەی پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنیی "ئوور"ەوە پێشکێش کراون. گوتیشی، "ئێستا کار لەسەر وردبینیکردنی 7 هەزار مامەڵەی ماوە دەکرێ بۆ ئەوەی ئەوانیش قەرزەکە بیانگرێتەوە، ئەوەش پێش ئەوەی دەرگای پێشکێشکردن بۆ جارێکی دیکە ئەم ساڵ بکرێتەوە."
نەبیل سەفار گوتی، لە مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا زیاتر لە 1000 مامەڵە بە شێوەی ئەلیکترۆنی پەسندکراون و گوتی، "کاری لەپێشینەی ئێستامان تەواوکردنی مامەڵەی ئەو کەسانەیە کە پێشتر داواکارییان پێشکێش کردووە."
لەبارەی سەرچاوەی دابینکردنی پارەی قەرزەکان، گوتەبێژی وەزارەت روونی کردەوە کە سندووقی نیشتەجێبوون پشت بە دابینکردنی دارایی لە ناوخۆی سندووقەکە دەبەستێت، بە جۆرێک بودجەکەی پشت بەو پارەیە دەبەستێت کە لە قەرزوەرگرانی پێشوو وەردەگیرێتەوە.
نەبیل سەفار باسی لەوەش کرد، هەرکاتێک پارەی پێویست بەردەست بوو و مامەڵە هەڵپەسێردراوەکانی پێشوو تەواوکران، دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی پێشکەشکردن بۆ وەرگرتنی قەرز رادەگەیێنن.
پێشکێشکردن بۆ قەرزەکە بە شێوەی ئەلیکترۆنی و لە رێگەی پلاتفۆرمی (ئوور)ـەوە دەبێت. هەر هاووڵاتییەکی عێراقی کە تەمەنی لەنێوان 18 بۆ 65 ساڵ بێت، دەتوانێت داواکاری پێشکێش بکات و بڕیارەکە دانیشتووانی ناوچەکانی سنووری مادەی 140یش دەگرێتەوە.
بەرزترین بڕی قەرزەکە 60 ملیۆن دینارە کە بە 15 ساڵ دەدرێتەوە. قەرزەکە بۆ دروستکردنی خانوو لەسەر زەوییەکی تاپۆ دەدرێ کە رووبەرەکەی لە 100 مەتر دووجا کەمتر نەبێت، یان بۆ زیادکردنی نهۆمی زیادە دەدرێت بەمەرجێک رووبەرەکەی لە 65 مەتر دووجا کەمتر نەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ