راوێژکارێکی سوودانی دەڵێت، هەنگاوەکانی حکومەت بوونەتەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دینار

22-10-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی رایگەیاند، ژمارەیەک هەنگاویان ناوە کە هۆکار بوون بۆ ئەوەی بەهای دینار بەرامبەر دراوەکانی دیکە بەهێز بێت.
 
ئەمڕۆ لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان 100 دۆلاری ئەمریکی بە دەوروبەری 141 هەزار و 300 دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت. موزهر محەممەد ساڵح، راوێژکاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی تشرینی یەکەمی 2025 قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد.
 
هۆکارەکانی بەرزیی بەهای دینار بەرامبەر دراوەکانی دیکە بە گوێرەی راوێژکارەکەی سوودانی:
 
1. قەدەخەکردنی مامەڵەکردن بە دۆلار:
 
بە گوتەی موزهر محەممەد ساڵح، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان بریتییە لە قەدەخەکردنی مامەڵەکردن بە دۆلار لە کڕین و فرۆشتنی نێوخۆدا، بە تایبەتی لە بازاڕی خانووبەرە کە یەکێکە لە گەورەترین بازاڕەکانی عێراق. ئەم بڕیارە کاریگەری زۆری لەسەر کەمکردنەوەی خواست لەسەر دۆلار هەبووە.
 
2. گواستنەوە بۆ سیاسەتی پاڵپشتی دراوی بیانی:
 
موزهر محەممەد ساڵح دەڵێ، ئێستا عێراق سیاسەتی پاڵپشتیکردن بە دراوی بیانی لە بانکە نێودەوڵەتییە بەهێزەکان پەیڕەو دەکات کە هاوکاری بانکە نیشتمانییەکانن بۆ گواستنەوەی پارە بۆ دەرەوە. ئەمەش کۆتایی بە پەنجەرەی فرۆشتنی دراو لە بانکی ناوەندی هێناوە لە سەرەتای ئەم ساڵەوە.
 
وەک راوێژکارەکەی سوودانی دەڵێ، ئەم گۆڕانکارییە مەترسییەکانی پابەندبوون بە بازرگانی گەورە و پشتبەستن بە سەرچاوەی ناڕوونی دارایی کە پێشتر لە رێگەی بازاڕی رەشەوە بە تێچوویەکی زۆرەوە ئەنجام دەدرا، کەمکردووەتەوە.
 
3. هاتنە ناوەوەی هاوردەکارە بچووکەکان بۆ نێو تۆڕی فەرمی:
 
هاوردەکارە بچووکەکان ئێستا دەتوانن لە رێگەی تۆڕی فەرمی داراییەوە مامەڵە بکەن، بە نرخی فەرمی 1320 دینار بۆ هەر دۆلارێک، ئەمەش راستەوخۆ کاریگەری لەسەر 60%ی بازرگانی دەرەوەی عێراق هەیە و یارمەتیدەرە بۆ جێگیرکردنی نرخی دینار.
 
4. بەکارهێنانی کارتی پارەدانی ئەلیکترۆنی:
 
راوێژکارەکەی سوودانی باسی لەوەش کرد، لە دوو ساڵی رابردوودا بەکارهێنانی کارتی پارەدانی ئەلیکترۆنی بۆ گەشتیاران پەرەی سەندووە. ئەمەش وایکردووە گەشتیاران کەمتر پشت بە دۆلاری کاش ببەستن. جگە لەوەش، گەشتیاران دەتوانن بە ئاسانی لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی وڵاتەوە بە رێنمایی تووندەوە دۆلار بەدەستبهێنن.
 
5. سیاسەتی بەرگری نرخ و "بازرگانی قازانج نەویست":
 
موزهر محەممەد ساڵح ئاماژەی بە سیاسەتی بەرگری نرخیش کرد کە لە رێگەی بڵاوکردنەوەی کۆمەڵەی هاوکاری بۆ کاڵا بەکاربەرەکان و سەبەتەی بنیادانان جێبەجێ کراوە. ئەم کاڵایانە بە نرخی فەرمی 1320 دینار بۆ هەر دۆلارێک هاوردە دەکرێن کە وەک سیستمێکی بازرگانی لە سیاسەتی بازرگانی عێراقدا ناسراوە بە ناوی "بازرگانی قازانج نەویست". ئەمەش وەک سەرکەوتنێکی تەواوکەری سیاسەتی ئابووری عێراق دادەنرێ لە بوارەکانی نەقدی، دارایی و بازرگانی و بەشێکە لە جێبەجێکردنی پرۆگرامی حکومەت بۆ سەپاندنی سەقامگیری ئابووری، بەو مەرجەی رێژەی گەشەی ساڵانەی هەڵاوسان لە 2.7% تێپەڕنەکات.
 
6. یەکگرتنی نرخی فەرمی و هاوتەریب:
 
موزهر محەممەد ساڵح رایگەیاند، نزیکبوونەوەی جیاوازی نێوان نرخی فەرمی و هاوتەریب بۆ خوار 4% مانای دەستپێکردنی قۆناخی یەکگرتنی نێوان هەردوو نرخەکەیە، چونکە جیاوازییە کەمەکە تەنیا تێچووی مامەڵەکان دەگرێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەرووی هورمز

شارەزایەکی بازرگانی: داخستنی گەرووی هورمز بازاڕی عێراق و هەرێمی کوردستان تێکدەدات

شارەزایەکی بواری گواستنەوەی نێودەوڵەتی رایدەگەیێنێت، داخستنی گەرووی هورمز بازاڕی عێراق و هەرێمی کوردستان تێکدەدات و حکومەتی عێراق ناچار دەکات رێڕەوی بازرگانیی خۆی بەرەو بەندەری مێرسینی تورکیا بگۆڕێت، کە ئەوەش تێچوویەکی زۆرتر و کاتێکی زیاتری دەوێت