پەرلەمانتارێک: چاوەڕوان دەکرێت خەرجکردنی مووچە بکەوێتە هەفتەی داهاتوو

23-09-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، چاوەڕوان دەکرێت خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکەوێتە هەفتەی داهاتوو. ئەندامێکی دیکەی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەگەر حکومەتی عێراق مەبەستی بێت، دەتوانێت مووچەی هەموو مانگەکانی ئەم ساڵ بدات.
 
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 23ی ئەیلوولی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی 7ی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان درا، بەڵام پێویستی بە چەند رێکارێکە و چاوەڕوان دەکرێت خەرجکردنەکەی بکەوێتە هەفتەی داهاتوو.
 
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، دەبێت هەرێمی کوردستان داهاتی نانەوتی رادەست بکات، پاشان مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رەوانە دەکرێت.
 
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کرد، رێککەوتنی نەوتی لەنێوان هەولێر، بەغدا و کۆمپانیاکان کراوە، جگە لە کۆمپانیای DNOی نەرویجی، کە هەوڵ دەدرێت ئەو کۆمپانیایەش رازی بکرێت و بچێتە نێو رێککەوتنەکەوە یان میکانیزمێکی دیکەی بۆ بدۆزرێتەوە.
 
لەبارەی مووچەی مانگەکانی دیکەی ئەم ساڵ د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 23ی ئەیلوولی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "حکومەتی عێراق ئەگەر مەبەستی بێ، دەتوانێ مووچەی هەموو مانگەکانی ئەم ساڵی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت."
 
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، رەنگە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق داوای داهاتی مانگەکانی داهاتوو بکات، ئەگەرنا هەولێر و بەغدا دەچنە قۆناخی مەقاسەکردن، ئەوکات روون دەبێتەوە مەقاسەکە تەنیا داهاتی نانەوتی دەگرێتەوە یان داهاتی نەوتیش دەگرێتەوە، ئیدی ئەو بڕە پارەیە روون دەبێتەوە کە بۆ هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە.
 
هەناردەنەکردنەوەی نەوتی کوردستان کۆسپێکی سەرەکی بەردەم خەرجنەکردنی مووچەی هەرێمی کوردستانە. هەڵکەوت عەزیز، بەڕێوەبەری نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا گوتی، "خەرجکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای رێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوت بووە."
 
پەیامنێری رووداو دەڵێت، جگە لە هەناردەکردنەوەی نەوت، دەبێ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان 120 ملیار دینار بۆ مووچەی مانگی 7 بنێرێ، بۆ ئەوەی دارایی فیدراڵ مووچەی مانگی 7 بنێرێ. 
 
لەبارەی مووچەی مانگەکانی داهاتوو، هەڵکەوت عەزیز زانیویەتی، رێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوت زامنی مووچەی مانگەکانی داهاتوویش دەکات و ئاستەنگیان بۆ دروست نابێت. 
 
رۆژی دووشەممە، ئەنجوومەنی دەوڵەت بۆچوونی خۆی لەبارەی داهاتی نانەوتی خستەڕوو. بۆچوونەکەیان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێشەممەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تاوتوێ کران.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە