لە هەولێر نرخی كرێی خانوو بەرز دەبێتەوە

23-10-2019
رەوا عەبدوڵڵا
نیشانەکردن کرێی خانوو هەولێر هەولێر و بەغدا
A+ A-
رووداو - هەولێر

بەهۆی باشبوونی باری ئابووریی خەڵكی هەرێمی كوردستان و زیادبوونی ژمارەی كۆمپانیاكان و گەڕانەوەی كۆمپانیا بیانییەكان، هەروەها كۆچی پێچەوانەی ئاوارە عەرەبەكان بۆ كوردستان بە گشتی و هەولێر بە تایبەتی، خواست لەسەر بەكرێگرتنی خانوو بە رێژەیەكی بەرچاو زیادی كردووە، بەم هۆیەشەوە لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا، نرخی كرێی خانوو 25% بەرز بووەتەوە.
 
سەباح عەزیز، خاوەنی نووسینگەی عەقاراتی سەباح مەنتك كە سنووری كاركردنەكەی گەڕەكەكانی شارەوانی، مامۆستایان، فەرمانبەران، مامۆستایانی زانكۆ، رۆشنبیری، ژیان و كۆمەڵگای زەیتوونە، دەڵێت: "ماوەی چەند مانگێكە بەهۆی  گەڕانەوەی سەرلەنوێی ئاوارە عەرەبەكانی ئەنبار، سەڵاحەددین، مووسڵ بۆ هەولێر، خواست لەسەر بەكرێگرتنی خانوو بە رێژەیەكی بەرچاو زیاد بووە، رۆژانە 80 تاوەكو 100 كەس بۆ پرسیاری خانووی كرێ سەردانی نووسینگەكەمان دەكەن".
 
سەباح كە 15 ساڵە نووسینگەی كڕین و فرۆشتن و بە كرێدانی خانووی هەیە، دەڵێت ئێستا بە دەگمەن خانووی كرێ دەستدەكەوێ‌ "ئێستا كرێی خانووی ئاسایی نزیكەی 100 هەزار دینار زیاد بووە، واتە بەراورد بە چوار مانگی رابردوو 25% زیاد بووە".
 
سەباح عەزیز، نموونە بە كرێی پێشتر و ئێستای خانووەكان دێنێتەوە و دەڵێت: "زۆربەی خانووی ئەو گەڕەكانەی ئێمە كاریان لێدەكەین رووبەرەكانیان 100 بۆ 125 مەترە و دوو نهۆمن، چوار مانگ پێش ئێستا كرێی مانگانەیان لەنێوان 300 تاوەكو 350 هەزار بوو، ئێستا 100 هەزار كرێیان زیاد بووە، خانووش زۆر بەدەگمەن دەستدەكەوێت، خانووی 150 مەتری كرێیەكەی 500 هەزار دینارە. لە هەردوو گەڕەكی مامۆستایان و شارەوانی خانووی 125 مەتری بە 500 تاوەكو 550 هەزار دینارە".
 
سەباح پێشتر لانیكەم كلیلی 20 خانووی كرێی بە نووسینگەكەیدا هەڵواسیبوو، بەڵام ئێستا هیچ خانوویەكی نییە بۆ كرێ‌، سەباح دەڵێت: "خەڵكی وا هەیە، مانگێك زیاترە ژمارە مۆبایلەكەی لە نووسینگە جێهێشتووە و داوای كردووە بە هەر نرخێك بێ‌، خانوویەكی بۆ بەكرێ‌ بگرین، بەڵام دەستناكەوێ‌".
 
كرێی شوقە و ڤێللاش زیاد بووە
 
بڕوا فەریق خۆشناو، خاوەنی كۆمپانیای عەقاراتی باخی خۆشناوەتی كە 10 نووسینگەیان لە گەڕەكەكانی شاری هەولێر هەیە، دەڵێت: "جگە لە گەڕانەوەی ئاوارە عەرەبەكان، باشبوونی باری ئابووربی خەڵك و گەڕانەوەی كۆمپانیا بیانییەكان و هاتنی خەڵكی ئێرانی بەهۆی خراپبوونی باری ئابووریپان، سێ هۆكاری دیكەن بۆ بەرزبوونەوەی كرێی خانوو و شوقە و ڤێللا، تەنانەت پێشەنگا و باڵەخانە بازرگانییەكانیش".
 
بڕوا خۆشناو، ئاماژە بە كرێی خانوو لە هەندێك لە گەڕەكەكانی شاری هەولێر كرد كە بەراورد بە رابردوو زیاد بووە و گوتی: "پێشتر خانوویەك لە ئیتاڵیی دوو بە نزیكەی 1000 دۆلار بەكرێ دەدرا، ئێستا كرێیەكەی بووەتە 1500 دۆلار، شوقەكانی ئیسكان كرێی مانگانەیان 400 دۆلار بوو، ئێستا 500 دۆلارە، شوقەكانی كواترۆ بە 400 دۆلار بوون ئێستا 500 تاوەكو 550 دۆلارن. كرێی شوقە لە رۆیاڵ 400 دۆلار بوو، ئێستا بووەتە نزیكەی 600 دۆلار. لە شوقەكانی ئیمپایەریش 100 تاوەكو 150 دۆلاری چووەتە سەر. بەشێوەیەكی گشتی كرێی خانوو و شوقە لە هەولێر نزیكەی 30% زیاد بووە، لەهەندێ  شوێن زیاتریشە".
 
بە گوتەی بڕوا خۆشناو، زۆربەی عەرەبەكان روو لە كۆمەڵگەكانی دەرەوەی شار دەكەن، بەو هۆیەش كرێی ئەو شوێنانە بەرز بووەتەوە، ئەو نموونە بە كۆمەڵگەی لاوان دێنێتەوە و دەڵێت: "پێشتر كرێی خانوو لە لاوان مانگانە 250 هەزار دینار بوو، ئێستا بە گوێرەی شوێنەكەی كرێیەكەی بەرزبووەتەوە بۆ 350 تاوەكو 400 هەزار دینار".
 
بڕوا بەهۆی پیشەكەی ئاگاداری كرێی خانوو و شوقەیە لە شارەكانی دیكەش و دەڵێت: "بەهۆی ئەوەی هەولێر پایتەختە و زۆربەی كۆمپانیاكان لقی سەرەكییان لە هەولێرە و عەرەبەكانیش زیاتر روو لە هەولێر دەكەن، بەرزبوونەوەی كرێی خانوو  زیاتر لە هەولێرە، بەڵام لە سلێمانیش بەهۆی نزیكی لە ئێران كەمێك نرخی كرێ زیاد بووە".
 
باج لە خاوەن خانووەكان وەردەگیرێ‌
 
بەپێی ئاماری كۆمەڵەی كرێنشینانی كوردستان زیاتر لە 90 هەزار كرێنشین ئەندامی كۆمەڵەی كرێنشینانن و ناسنامەیان بۆ كراوە. لە هەرێمی كوردستان ژمارەیەكی زۆر خانووی كرێ‌ هەن كە زۆربەیان تەنیا كرێ‌ وەردەگرن و هیچ باجێك نادەن، بەڵام لەمەودا دەبێ‌ باج بدەن.
 
عەباس هاشم، خاوەنی نووسینگەی شۆبان بۆ بەكرێدانی خانوو و باڵەخانەی بازرگانی دەڵێت لەلایەن ئاسایشی گەڕەكەكانەوە ئاگادار كراونەتەوە، هەر خانوویەك ئەگەر چۆڵ بوو، نابێت بە كرێ‌ بدرێتەوە تاوەكو خاوەنەكەی باجی خانووبەرە نەدات. بە گوتەی ئەو خاوەن نووسینگەیە، خانوو هەیە 5 ملیۆن دینار قەرزی باجی خانووبەرەی لەسەرە و ئێستا ناتوانێ‌ بە كرێی بدات.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی تۆماری كۆمپانیاكانی هەولێر، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەكو كۆتایی مانگی رابردوو 925 كۆمپانیای خۆماڵی و 41 كۆمپانیای بیانی لە هەولێر دامەزراون و ئۆفیسی 11 كۆمپانیا لە دهۆك و 28 كۆمپانیای سلێمانیش لە شاری هەولێر كراونەتەوە، دەیان كۆمپانیای بیانیش گەڕاونەتەوە.
 
پشتیوان وەرتی، بەڕێوەبەری تۆماری كۆمپانیاكانی هەولێر دەڵێت: "بەپێی یاسای دامەزراندنی كۆمپانیاكان، هەر كۆمپانیایەك دابمەزرێت، دەبێت ئۆفیس و ناو و ناونیشانی دیار بێت، بۆیە دامەزراندنی زیاتر لە هەزار كۆمپانیا لە هەولێر كاریگەری راستەخۆی لەسەر بەزبوونەوەی كرێی خانوو و باڵەخانە دەبێت".
 
خاوەن خانووەكان مەرجیان هەیە
 
بەهۆی زۆربوونی داواكاری لەسەر خانوو، خاوەن خانووەكان جگە لە بەرزكردنەوەی نرخی كرێی خانوو، مەرجی خۆیان هەیە و خانوو بە هەموو كەسێك نادەن.
 
عەباس هاشم خاوەنی نووسینگەی شۆبان بۆ بەكرێدانی خانوو و باڵەخانەی بازرگانی لە گەڕەكەكانی باشوور و باشووری رۆژهەڵاتی هەولێر دەڵێت: "بەهۆی زیادبوونی خواست مەرجەكانی بەكرێدانی خانووش زیاد بووە. خاوەن خانوو هەیە دەڵێت چەند مانگێك پارەی پێشەكیم دەوێت، یان هەیە دەڵێت نابێ‌ ژمارەی ئەندامانی خێزانە كرێچییەكە زۆر بێت، هەشە خانوو ناداتە خێزانێك منداڵی زۆریان هەبێ‌".
 
نرخی كرێی خانوو لە هەندێك گەڕەكی هەولێر
 
گەڕەك نرخی پێشوو نرخی ئێستا
ئیتاڵی دوو 1000 دۆلار 1500 دۆلار
شوقەكانی ئیسكان 400 دۆلار 500 دۆلار
شوقەكانی كواترۆ 400 دۆلار 550 دۆلار
شوقەكانی رۆیاڵ 400 دۆلار 600 دۆلار
گەڕەكەكانی باشووری هەولێر 300 – 350 هەزار دینار 400 – 450 هەزار دینار
كۆمەڵگەكان 250 هەزار دینار 350 – 400 هەزار دینار

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە