گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: ناردنی دۆلار بەشێوەیەکی کاتی بۆ عێراق راگیرا

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
دیار کوردە @diyarkurda
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ تۆڕی میدیایی رووداوی پشتڕاست کردەوە، واشنتن بەشێوەیەکی کاتی ناردنی دۆلاری بۆ عێراق راگرت، بەڵام هاوکارییەکانی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بەردەوامن. 
 
گوتەبێژەکە بە ئیمەیڵ بە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی واشنتنی رووداوی راگەیاند: "دەتوانین پشتڕاستی بکەینەوە کە ناردنی دۆلاری ئەمریکی بە شێوەیەکی کاتی بۆ عێراق وەستێنرا."
 
گوتەبێژەکە گوتی: "ویلایەتە یەکگرتووەکان بەشێوەیەکی کاتی، هەندێک لە چالاکییەکانی پەیوەندیدار بە هاوکاریی ئەمنی لەگەڵ عێراق راگرتووە. [بەڵام] پێکەوەکارکردن لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کە ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بەهێز دەکات، بەردەوامە."
 
ئەم هەنگاوە یەکەمجار چوارشەممەی رابردوو لەلایەن رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵەوە بڵاوکرایەوە کە باسی لەوە کرد، نزیکەی 500 ملیۆن دۆلاری کاش بۆ عێراق بوو. 
 
ئەو پارەیە داهاتی فرۆشتنی نەوتی عێراق بوو کە لە هەژماری بانکی فیدراڵیی نیویۆرک هەڵدەگیرێ.
 
 میدیای ئەمریکی باسی لەوە کرد، ئەو رێکارە بەشێکە لە هەڵمەتی گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر بەغدا، تاوەکو گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران کۆتوبەند بکات و لە هێرشکردنە سەر هێز و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بیانوەستێنێت. 
 
بەڵام موزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری ئابووری و دارایی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق هەمان رۆژ بە هەستیار قادر، هەواڵسازی دێسکی عێراقیی تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کێشەکە پەیوەندی بە کەمبوونەوەی گەشتە ئاسمانییەکان و داخستنی فڕۆکەخانەکانەوە هەیە، نەک گۆڕانکاری لە سیاسەتی ئەمریکا.
 
موزهر محەممەد ساڵح گوتی، حەواڵە ئەلیکترۆنییەکان بۆ مەبەستی بازرگانی و دابینکردنی زۆرینەی رەهای دۆلار هێشتا وەک خۆیانن و هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر نەبووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە