رووداو دیجیتاڵ
گازی سرووشتی 10 هێندەی نرخی ئاسایی خۆی بەرزبووەتەوە لە کیشوەری ئەوروپا. لە پێش دەستپێکردنی وەرزی سەرما، زۆرینەی وڵاتانی ئەوروپا زەنگی مەترسی لێدەدەن سەبارەت بە کەمبوونەوەی گازی دابینکراو و بەرزیی نرخەکەی. ئەم دۆخە، ئەگەر بەردەوام بێت، کاریگەریی کوشندەی لەسەر دۆخی ئابووریی ئەوروپا دەبێت، کە هێشتا گرفتاری پاشەکشەی دەستی درمی کۆڤیدە.
قەیرانی ئەمجارە، پێچەوانەی ساڵانی 2006، 2009 و 2014، هۆکارەکەی تەنها ململانێی جیۆپۆلیتیکی نییە لەگەڵ رووسیا. چەند هۆکارێکی ناوخۆیی ئەوروپا پشکی شێریان بەردەکەوێت لە هێنانەکایەی کورتهێنانی وزە و بواردان بە وڵاتانی دابینکەری وەکو رووسیا بۆ سوود بینین لە قەیرانی ناسیاسیی گازی سرووشتی بۆ ئامانجی سیاسی.
هۆکاری یەکەم: یەکێتیی ئەوروپا لە چەند ساڵی رابردوودا کەمتر خۆی لە قەرەی گرێبەستی درێژخایەن دەدات، ئەمەش بە مەبەستی خۆلادان لە مەترسیی پابەندبوون بە تەنها دابینکەرێک و هاندانی ئەندامان بۆ پشتبەستن بە گازی بەردەست لە بازاڕی گازی سرووشتی بە نرخی بازاڕ. ئەم سیاسەتە وایکرد کە ئەوروپا بڕی پێویست بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی دەستنەکەوێت، چونکە بەشی زۆری گازی بەرهەم هاتوو بە شێوەی گرێبەستی درێژخایەن فرۆشراون، ئەستەمە ئەو بڕە زۆرە لە گاز بە نرخی کەم بەردەست بێت. دەبینین ئێستا گازپرۆم سەرجەم پابەندییە گرێبەستییە درێژخایەنەکانی جێبەجێ دەکات بە تەواوی.
هۆکاری دووەم: عەمبارەکانی گازی سرووشتی لە ئەوروپا تەنها 75% یەدەگی تێدایە، کە ئەمە پێچەوانەی ساڵانی پێشووە. کۆمپانیاکانی هاوردەکردنی گازی سرووشتی پێشبینییەکانیان راست دەرنەچووە، لە چاوەڕوانیی دابەزینی نرخی گازی سرووشتیدا، درەنگ کەوتوون لە دابینکردنی بڕی پێویستی وزە لە کاتی خۆیدا.
هۆکاری سێیەم: کرانەوەی ئابووریی جیهانی بە یەک جار لەدوای نزیکەی دوو ساڵ لە رێکارەکانی کۆڤید و گەڕانەوەی هێزی کاری بۆ ئۆفیس و ئەکتیڤبوونەوەی ئابووری، نەک تەنها لە ئەوروپا، قەیرانێکی جیهانی لە توانای لۆجیستی (supply chain) دروستکردووە. بەندەرەکان و هۆکارەکانی گواستنەوە تووشی خاوبوونەوە بوون. توانای وەرگرتن و بەڕێکردنی کارگۆ و گواستراوەکانیان نییە لە کاتی خۆییدا. ئابوورییەک کە دوو ساڵە لە دۆخی سڕبووندایە، پێویستی بە وزەی زیاترە بۆ کەوتنەوە گەڕ.
هۆکاری چوارەم: یەکێتیی ئەوروپا ستراتیژیەتێکی یەکگرتووی نییە سەبارەت بە گازی سرووشتی و سەرچاوەکانی دابینکردنی. ئەمریکاش فشارێکی گەورە لەسەر یەکێتییەکە و کۆمپانیا ئەڵمانییەکان دەکات بۆئەوەی لەمپەر بۆ بۆریی گازی نۆردستریم 2 دروستبکات و هاوردەی گازی سرووشتی لە رووسیاوە زیاد نەکات.
هۆکاری پێنجەم: رووسیا نایەوێت بێ دەستکەوتی سیاسی هاریکاریی ئەوروپا بکات و لە دەرەوەی پابەندییەکانی خۆی گازی زیاتر بۆ ئەوروپا بنێرێت. رووسیا ئەم قەیرانە و زیادکردنی پێدانی گاز دەبەستێتەوە بە چەند مەرجێکی ئاشکرا، وەکو تەواو پەسندکردنی تەواوکردنی نۆردستریم و واژۆکردنی گرێبەستی درێژخایەنی کڕینی گازی سرووشتی. هەروەها پێدەچێت مەرجی نائاشکراش لەسەر مێزی ئەوروپییەکان دابنێت تایبەت رووسیای سپی و ئۆکرانیا.
شرۆڤە: دەروون رەحیم
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ