رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ دەڵێت، هەوڵەکانیان بۆ نوێکردنەوەی رێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکەن. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، کۆمپانیا راوێژکارییەکە دەستی بە کارەکانی کردووە و پلانەکە بەو جۆرەیە تاوەکو کۆتایی مانگی ئادار پرسی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان یەکلایی بکاتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی شوباتی 2026، عەلی نزار شەتری، بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لایەنە باڵاکانی حکومەتیان ئاگادارکردووەتەوە کە هەنگاوەکانیان بۆ درێژکردنەوەی گرێبەستی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکەن.
عەلی شەتری دەڵێت، "ئێستا بۆ ئەو مەبەستە چاوەڕێی وەڵامین لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە."
25ی کانوونی یەکەمی 2025 هەر سێ لایەنی حکومەتی فیدراڵی، حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوت بڕیاریان دا رێککەوتنەکەی نێوانیان تاوەکو کۆتایی مانگی سێی ئەم ساڵ درێژبکەنەوە.
بە گوتەی عەلی شەتری، "ئەو رێککەوتنەی کراوە یەکێکە لە باشترینەکان" و دەڵێت، "بەدڵنیاییەوە درێژ دەکرێتەوە."
بەڕێوەبەری سۆمۆ ئاماژەی بەوەش کرد، "رۆژانە نزیکەی 200 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە دەکرێت و نەوتەکەش دەگاتە بازاڕەکانی ئەورووپا و ئەمریکا."
بەگوێرەى رێککەوتنى هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان، بڕى 16 دۆلار بۆ تێچووى دەرهێنان و گواستنەوەى نەوت دیاریکراوە کە بدرێتە کۆمپانیاکانى نەوت، بەڵام لەبرى پارە نەوتیان بە نرخى رۆژ پێدەدرێ تاوەکو کۆمپانیایەکی راوێژکاری (وود مکێنزی) بابەتەکە یەکلایی دەکاتەوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە رووداو لە وەزارەتی نەوتی عێراقەوە دەستی کەوتووە، لە رێککەوتی 11-12-2025 گرێبەست لەنێوان کۆمپانیای وود مکێنزی و کۆمپانیای نەوتی باکوور واژۆ کراوە.
کۆمپانیاکە بە هاوئاهەنگی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و کۆمپانیای نەوتی باکوور دەستی بە کارەکانی کردووە، هەروەها پەیوەندیی بە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان کردووە بۆ وەرگرتنی داتا و زانیارییە پێویستەکان.
بەگوێرەی گرێبەستەکە، پلانەکە بەو جۆرەیە کۆمپانیای وود مکێنزی تاوەکو کۆتایی مانگی سێی ئەم ساڵ کارەکانی تەواو دەکات.
دوای ئەوەی لە کۆتاییەکانی ئاداری 2023ـەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانی تورکیاوە راگیرا، لە 22ـی ئەیلوولی 2025، بەغدا و هەولێر و کۆمپانیاکانى نەوت رێککەوتنێکى سێ قۆڵییان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکە واژۆ کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ