رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت، هیچ جیاوازییەک لەنێوان چاپە کۆن و نوێیەکانی دۆلاری ئەمریکی نییە و هۆشداریش دەداتە بانک و نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو کە هەر سەرپێچییەک بکەن، رووبەڕووی ''سزای یاسایی تووند'' دەبنەوە.
بانکى ناوەندیى عێراق دووشەممەی ئەم هەفتەیە هۆشداریى دایە بانکە مۆڵەتپێدراوەکان و دامەزراوە داراییەکان کە نابێت جیاوازى لە بەهاى مامەڵەى دۆلارى چاپى کۆن و نوێ (سپى و شین) بکرێت و گوتی، "بەردەوامین لە وەرگرتنى ئەو چاپانەى دۆلار بەگوێرەى رێکارە نێودەوڵەتی و خۆجێییەکان."
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە، لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا، دۆلاری چاپی کۆن بە نرخێکی کەمتر لە چاپی نوێ مامەڵەی پێوە دەکرێت.
عەلا فەهد، بەرپرسی راگەیاندنی بانکی ناوەندیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بانکی ناوەندی بەپێی رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان کاردەکات، رێنوێنیی روونمان بۆ هەموو بانکەکان دەرکردووە کە هەموو جۆرە چاپەکانی دۆلار بە یەک نرخ وەربگیرێن."
عەلا فەهد گوتی، بانکی ناوەندی بەردەوامە لە وەرگرتنی هەموو جۆرە چاپەکان و گوتی، "بەپێی یاسا و رێنماییەکان، هیچ جیاوازییەک لەنێوان چاپەکان نییە، هەر لایەنێک جیاوازی لە نرخدا بکات، رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە."
هەروەها باسی لەوە کرد، "کەس مافی نییە تەنانەت یەک سەنت لە نرخی دۆلار بەهۆی جۆری چاپەکەیەوە کەم بکاتەوە."
بەرپرسی راگەیاندنی بانکی ناوەندی دەڵێت، "لە ماڵپەڕی فەرمیی بانکی ناوەندی بارکۆدێکی تایبەت بە سکاڵا هەیە. هەر هاووڵاتییەک رووبەڕووی دۆخێکی لەو شێوەیە بووەوە، دەتوانێت ناوی نووسینگەکە و زانیارییەکان بنێرێت، ئێمە راستەوخۆ رێکاری یاسایی بەرامبەریان دەگرینەبەر."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ