رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق رایدەەیەنێت، سندووقی چاودێریی کۆمەڵایەتی "بەتاڵکراوەتەوە" و زیاتر لە 2.5 تریلیۆن دینار بەبێ ئاگاداری ئەوان لەلایەن وەزارەتی داراییەوە راکێشراوە، بەڵام وەزارەتی دارایی وەڵامی وەزیری کار دەداتەوە و دەڵێت، پارەکە رانەکێشراوە، بەڵکو سڕ کراوە.
حەسەن خوام، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 23-11-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پارەکەی سندووقی چاودێریی کۆمەڵایەتی ون نەبووە، بەڵکو بە نووسراوی فەرمیی وەزارەتی دارایی راکێشراوە، لەکاتێکدا نابێت دەست بۆ پارەی ئەو سندووقە ببرێت، بۆیە لە دادگە سکاڵامان تۆمار کردووە."
بەگوێرەی زانیارییەکان، بڕی پارەکە 2 تریلیۆن و 530 ملیار دینار بووە. ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق لە هەڤپەیڤینێکی تەلەفزیۆنیدا ئاشکرای کرد، کاتێک وەک وەزیر دەستبەکار بووە، سندووقەکە تەنیا 430 ملیار دیناری تێدا بووە، بەڵام بەهۆی بەدواداچوون بۆ داهاتەکان (پێبژاردن، 1%ـی قازانجی کۆمپانیا حکومییەکان و لێبڕینی یەک لە هەزاری مووچە) سەرمایەی سندووقەکەیان شەش هێندە زیاد کردووە.
وەزیری کار دەڵێت، پلانیان هەبووە لەڕێگەی ستراتیژییەکی 10 ساڵەوە وەبەرهێنان بەو پارەیە بکەن بۆ ئەوەی سندووقەکە پێویستی بە بودجەی حکومەت نەبێت و لە قازانجی خۆی پارەدار بکرێت، بەڵام "دوو مانگ لەمەوبەر کە ویستمان دەست بە جێبەجێکردنی پلانەکە بکەین، تێبینیمان کرد سندووقەکە بەتاڵە و پارەکە راکێشراوە."
بەگوتەی ئەحمەد ئەسەدی، ئێستا بەرپرسیارێتییەکە لەنێوان وەزارەتی دارایی و بانکی رافیدەینە؛ "دارایی دەڵێت پارەکە لای بانکە و بانکیش دەڵێت دارایی رای کێشاوە."
سەبارەت بە هۆکاری راکێشانی پارەکە، وەزیری کار پێیوایە بۆ "کڕینی قەواڵەی دارایی (سندات)" بەکارهێنراوە، چونکە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت بۆ خوار 70 دۆلار، حکومەت بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران تووشی کورتهێنان بووە و پەنای بۆ ئەو پارەیە بردووە.
بەگوتەی ئەندامێکی لیژنەی یاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر دیارنەمانی پارەی سندووقی چاودێریی کۆمەڵایەتی، دوای ئەوە هات کە ئەوان بە فەرمی پرسیاری پەرلەمانییان ئاراستە کردوون.
رائید مالیکی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 23-11-2025 لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، بەدواداچوونیان بۆ لێدوانەکەی ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کردووە، کە دانی بەوەدا نابوو زیاتر لە 2 تریلیۆن دینار لە پارەی سندووقی چاودێریی کۆمەڵایەتی راکێشراوە و گوایە "پێش دوو مانگ بە رێککەوت زانیویەتی و سکاڵای تۆمار کردووە."
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، وەزیر باسی لەوە نەکردووە چی وای لێکردووە ئەو سکاڵایە تۆمار بکات، بەڵکو هۆکارەکەی "پرسیارێکی پەرلەمانی بووە کە لەلایەن رائید مالیکییەوە ئاراستەی سێ لایەن کراوە، لەنێویاندا دەستەی چاودێریی کۆمەڵایەتی."
مالیکی گوتی، ناوەڕۆکی پرسیارە پەرلەمانییەکە لەبارەی پارەی سندووقەکە و ئەوە بووە کە "ئایا پارەکە بۆ مەبەستێکی دیکە خەرج کراوە جگە لەو مەبەستەی بۆی تەرخان کراوە؟"
ئەندامەکەی لیژنەی یاسایی کە نووسراوەکانی لە پەیجی فەیسبووکی خۆی بڵاوکردووەتەوە و دەشڵێت: "وەڵامی وەزارەتی دارایی عێراقمان لەبارەی بەشێک لە پرسیارەکە بەدەست گەیشت، بەڵام وەڵامی بڕگەی سێیەمی پرسیارەکەیان ئاراستەی دەستەی چاودێریی کۆمەڵایەتی کردبووەوە، کە تاوەکو ئێستا ئەوان وەڵامیان نەداوینەتەوە." رائید مالیکی راشیگەیاند: "وا دەردەکەوێت وەزارەتی کار دوای گەیشتنی پرسیارە پەرلەمانییەکە، پەنای بۆ تۆمارکردنی سکاڵا بردبێت."
وەزارەتی دارایی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 23-11-2025 لە روونکردنەوەیەکدا وەڵامی لێدوانەکانی ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کاری دایەوە و رایگەیاند: "ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە نادروستن؛ پارەکە رانەکێشراوە، بەڵکو تەنیا هەژمارەکە سڕ (تجميد) کراوە."
وەزارەتەکە هۆکاری ئەو رێکارەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە هەژمارەکە لە ساڵی 2015ـەوە تەنیا بۆ مەبەستی دابەشکردنی مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی کراوەتەوە، بەڵام وەزارەتی کار بەدواداچوونی دروستی بۆ باڵانسی هەژمارەکە نەکردووە و پارەی دیکەی تێدا داناوە، کە پێچەوانەی سرووشتی هەژمارەکەیە، لەوانە پارەی گەڕاوەی کارتە زیرەکەکان (Smart Cards) بۆ ساڵانی 2015 تاوەکو 2025.
هەر لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، دوای وردبینیی هاوبەشی وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێریی دارایی، دەرکەوتووە بەکارهێنانی هەژمارەکە لە دەرەوەی سرووشتی دیاریکراوی خۆی بووە، بۆیە دیوانی چاودێریی دارایی لە رۆژی 17-09-2025ـەوە داوای شیکردنەوەی وردی بۆ داهاتەکانی نێو هەژمارەکە کردووە.
وەزارەتی دارایی جەخت دەکاتەوە: "پارەکان، چ ئەوانەی لەلایەن داراییەوە پارەدار کراون و چ ئەوانەی لە کارتە زیرەکەکانەوە گەڕاونەتەوە، لەنێو هەژمارەکەدا ماون و رانەکێشراون."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ