ئابووری
پارچە پلاتینیۆمی خاوێن بەڕێژەی 99.98% لە هۆڵێکی کارکردندا دانراون لە کاتی بەرهەمهێنان لە کارگەی 'کراستسڤێتمێت' بۆ کانزا بەنرخەکان، لە شاری کراسنۆیارسک لە سیبیریا، رووسیا، 23-5-2025. وێنە: Reuters
رووداو دیجیتاڵ
نرخی پلاتینیۆم بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و گەیشتە 2359 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک. پێشتر ئاستی 2380 دۆلاریشی تۆمارکردبوو.
تەنیا لە 24 کاژێری رابردوودا، ئۆنسەیەک پلاتینیۆم 150 دۆلار گرانبووە.
بەرزبوونەوەی نرخی پلاتینیۆم بەهۆی کەمیی خستنەڕوو لە بازاڕەکان و زیادبوونی خواستی وەبەرهێنەرانە لەسەر ئاستی جیهان.
پلاتینیۆم دەیەمین رۆژی لەسەریەکە لەسەر رێڕەوی بەرزبوونەوە بەردەوامە، کە ئەمە درێژترین ماوەی بەرزبوونەوەی لەسەریەکی نرخەکەیەتی لە ساڵی 2017ـەوە. هاوکات تەنیا لە ئەم ساڵدا نرخەکەی بە رێژەی زیاتر لە 150% بەرزبووەتەوە کە گەورەترین بەرزبوونەوەی ساڵانەیەتی لە دوای ساڵی 1987ـەوە تۆمار کرابێت.
لە کاتێکدا زیاتر لە 600 هەزار ئۆنسە پلاتینیۆم لە کۆگاکانی ئەمریکا هەڵگیراون، بازرگانان بە بایەخەوە چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی واشنتن دەکەن سەبارەت بە "ماددەی 232" کە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی سەپاندنی پێناسی گومرگی یان سنووردارکردنی بازرگانی بەو کانزایە.
لە لایەکی دیکەوە، کێشەکانی بەرهەمهێنان لە باشووری ئەفریقا، کە گەورەترین بەرهەمهێنەری پلاتینیۆمە لە جیهاندا، بووەتە هۆی ئەوەی بۆ سێیەم ساڵ لەسەریەک بازاڕی ئەم کانزایە رووبەڕووی کورتهێنان ببێتەوە و بڕی پێویست لە بازاڕەکاندا بەردەست نەبێت.
هاوکات لەگەڵ بەهێزیی پرۆسەی هەناردەکردن بۆ چین، دەستپێکردنی مامەڵەکانی پلاتینۆم لە بۆرسەی "گوانگزۆ" گەشبینییەکی زۆری لای وەبەرهێنەران دروستکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ