تمەن دابەزینێکی مێژوویی تۆمار دەکات؛ 100 دۆلار 5 ملیۆن و 500 هەزار تمەنی تێپەڕاند

25-02-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی 152 هەزار و 500 دینارە، هەروەها 100 دۆلار بەرامبەر بە 5 ملیۆن و 600 هەزار تمەنی ئێرانییە.

رۆژی شەممە، 25ـی شوباتی 2023، جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "100 دۆلاری ئەمریکی بە 152 هەزار و 500 دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت".
 
جەبار گۆران ئاماژەی بەوەشکرد، کە تمەنی ئێرانی دابەزینێکی مێژوویی تۆمارکردووە و 100 دۆلار بەرامبەر 5 ملیۆن و 600 هەزار تمەنی ئێرانییە، کە ئەوەش بۆ یەکەم جارە لە مێژووی تمەندا ئەو بەهایەی لەدەستبدات.
 
گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی گوتی، جگە لە سزاکانی ئەمریکا و ئەوروپا بۆ سەر ئێران، هۆکارێکی دیکەی دابەزینی بەهای تمەن رێکارەکانی بانکی ناوەندیی عێراقە بۆ فرۆشتنی دۆلار. گوتیشی: "جاران ئێران بە ئاسانی دۆلاری لە عێراق دەکڕی و باڵانسی تمەنی پێ رادەگرت، ئێستا رێکارەکانی بانکی ناوەندی ئاستەنگیی بۆ ئەوە دروستکردووە".
 
لە هەولێر رۆژانی هەینی و شەممە بازاڕی دراوەکان داخراوە و هیچ نرخێکی فەرمیی نییە.
 
 
بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دیناری عێراقی، بانکی ناوەندی عێراق چەندین رێکاری گرتووەتەبەر. نوێترینیان دوێنی هەینی لە راگەیێندراوێکدا بانکی ناوەندی سێ رێکاری دیکەی راگەیاند کە ئەمانەی خوارەوە بوون:
 
- بە ئامانجی رێگریکردن لە بەقاچاخبردنی پارەی نەختینەیی بۆ ئەودیو سنوورەکان، ئیدی بە هەر رێگەیەک بێت، جگە لەو بڕەی کە بانکی ناوەندیی عێراق دیاریکردووە، هێزە ئەمنییەکان دەسەڵاتی بەدواداچوون و پشکنینیان بۆ سەرجەم ئامرازەکانی گواستنەوە هەیە. بانکی ناوەندیی عێراق زانیاریی تایبەت بە خاوەن پسووڵەکان بە هێزە ئەمنییەکان دەدات بە ژمارەی ریزبەندەکانیانەوە. 
 
- ئەو بڕە پارەیەی لە بانک و کۆمپانیاکانەوە دەنێردرێت بۆ لقەکانیان، بەڵگەنامەی تایبەتی لایەنی نێرەر و وەرگر و وردەکارییەکانی ناونیشانی هەردوولایەن و هۆکارەکەی پیشان دەدات و لە ئەگەری داواکردنی بەڵگەنامەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکان لە خاڵەکانی کۆنترۆڵکردن و بازگەکاندا پێویستە پێشکێش بکرێت. لە ئەگەری نەگونجانی بڕە پارەکە و نێوەڕۆکی بەڵگەنامەکە و بوونی گومان، بانکی ناوەندیی عێراق چەند ژمارەیەکی بەردەستی داناوە بۆ ئەوەی لە رێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە گومانەکان بڕەوێندرێنەوە. 
 
- بانکەکان و کۆمپانیاکان لە ئەگەری هەر رێکارێکی پشکنین و بەدواداچوون یان لە کاری دەستوەردان لەلایەن کەسانێک یان هەر دامەزراوەیەکی رێگەپێنەدراو، دەستبەجێ بانکی ناوەندیی ئاگادار دەکەنەوە.
 
دوای زیاتر لە دوو مانگ لە دابەزینی بەرچاوی بەهای دیناری عێراقی، رۆژی 07-02-2023 نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی خۆیدا بڕیاری ئەنجوومەنی ئیدارەی بانکی ناوەندیی عێراقی پەسندکرد، بەوەی دەستکاریی نرخی فرۆشتنی دۆلار لە بەرامبەر دیناری عێراقی بکرێت، بە شێوەیەک 100 دۆلار دەبێتە 130 هەزار دینار." 
 
بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران لە کاتێکدا بوو، بەهای 100 دۆلار لەنێوان 170 بۆ 175 هەزار دینار بوو، دوای بڕیارەکە بەهای دینار بەرز بووەوە، بەڵام بەرزبوونەوەکە لە ئاست خواست و پێشبینییەکانی حکومەت نەبوو، کە دەبێت 100 دۆلار بە 132 بۆ 133 هەزار دینار بگاتە دەستی هاووڵاتییان. 
 
بانکی ناوەندیی عێراق لە 20-12-2020 بڕیاریدا نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە 1180 دینارەوە بۆ 1460 دینار زیاد بکات؛ تاوەکو نزیکەی دوو ساڵ بەهای دینار جێگیربوو تاوەکو رۆژی 11-12-2022 نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی 150 هەزار دیناری عێراقی تێپەڕاند.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دراوی 10 هەزار دیناری و 5 هەزار دیناریی عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

هەرێمی کوردستان زیاتر لە 50 ملیار دینار داهاتی نانەوتیی بۆ بەغدا نارد

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، داهاتی نانەوتییان بۆ مانگی نیسان خستووەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی عێراق، کە زیاتر لە 50 ملیار دینارە