نرخی باخ و ڤێلا لە سلێمانی هاڕەی کردووە؛ باخی ملیۆن دۆلاری نیوەی بەهاکەی لەدەستداوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
نزار جەزا
پەیامنێری رووداو لەکاتی ئامادەکردنی راپۆرتێکدا لەگەڵ نێوەندگیرێکی کڕین و فرۆشتنی باخ و ڤێلا قسە دەکات
پەیامنێری رووداو لەکاتی ئامادەکردنی راپۆرتێکدا لەگەڵ نێوەندگیرێکی کڕین و فرۆشتنی باخ و ڤێلا قسە دەکات
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەو باخ و ڤێلایانەی ساڵانێک وەک نیشانەیەک بۆ دەوڵەمەندی و خۆشگوزەرانی کێبڕکێیان لەسەر دەکرا، ئێستا بوونەتە بارێکی گران بەسەر خاوەنەکانیانەوە. بەپێی بەدواداچوونەکان، بازاڕی کڕین و فرۆشتنی باخ لە دەوروبەری سلێمانی تووشی پاشەکشەیەکی گەورە بووە و نرخەکان بە رێژەی 30% بۆ 40% دابەزیون.
 
سەروەت هەڵەدنی، نێوەندگیر و شارەزای کڕین و فرۆشتنی باخ لە ناوچەی مێرگەپان کە زیاتر لە 40 ساڵە لەو ناوچەیە نیشتەجێیە دەڵێت، "باخێک لە ساڵانی 2012 و 2013 ئەگەر بە 250 هەزار بۆ 300 هەزار دۆلار بووبێت، ئێستا بە 150 هەزار بۆ 170 هەزار دۆلار دەیکڕیتەوە. تەنانەت ڤێلا هەیە ملیۆنێک و 100 هەزار دۆلاری تێچووە، بەڵام خاوەنەکەی ئامادەیە بە 600 هەزار دۆلار بیفرۆشێت و کڕیاری نییە."
 
بەپێی گوتەی ئەو نێوەندگیرە، ئێستا نزیکەی 20% بۆ 30%ی باخەکان بۆ فرۆشتن دانراون، بەڵام خواست لەسەریان زۆر کەمە.
 
دۆخەکە لە ناحیەی سیتەک-یش هەمان جۆرە، لەو ناوچەیەی بە "پایتەختی باخەکانی سلێمانی" دەناسرێت، باخ هەبووە بەهاکەی زیاتر لە نیو ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام ئێستا نرخەکەی بۆ نیوە دابەزیوە و خاوەنەکەی ناتوانێت بیفرۆشێتەوە.
 
رێبەر عەتا، خاوەن نووسینگەی کڕین و فرۆشتنی باخ، پێیوایە دابەزینی نرخەکان تەنها پەیوەندیی بە ناوخۆوە نییە، بەڵکو زنجیرەیەک قەیران کاریگەرییان هەبووە، بە نموونە شەڕی داعش و ناسەقامگیری، قەیرانی دارایی ناوخۆیی و کێشەی مووچە و قەیرانە ئابوورییە جیهانییەکان.
 
ئەو خاوەن نووسینگەیە نموونەی زیاتر دەهێنێتەوە و دەڵێت، "باخ هەبووە 5 - 6 ساڵ پێش ئێستا بە 70 هەزار دۆلار بووە، ئێستا بۆ 30 هەزار دۆلار دابەزیوە. تەنانەت ئەو باخانەی تێچوویان زۆرە، لە هەر مامەڵەیەکدا 30 بۆ 50 هەزار دۆلار لە نرخەکانیان دابەزیوە."
 
ئەگەر لە ساڵانی رابردوودا دروستکردنی باخ و ڤێلای مۆدێرن کێبڕکێی لەسەر بووبێت، ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە. خاوەن باخەکان چیتر وەک شوێنێکی حەوانەوە سەیری ناکەن، بەڵکو وەک بارێکی دارایی قورس دەیبینن، کە تێچووی چاککردن و بەڕێوەبردنی زۆرە.
 
ئێستا بەشێکی زۆر لە خاوەن ڤێلاکان ئامادەن بە نیوەی نرخی تێچووەکەی موڵکەکانیان بفرۆشن، بەڵام بەهۆی سستی بازاڕ و کەمبوونەوەی نەختینە لە دەستی هاونیشتمانیان، کڕیار نییە و بازاڕەکە لە چەقبەستووییدایە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆلاری ئەمریکی و دیناری عێراقی

گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: ناردنی دۆلار بەشێوەیەکی کاتی بۆ عێراق راگیرا

گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ تۆڕی میدیایی رووداوی پشتڕاست کردەوە، واشنتن بەشێوەیەکی کاتی ناردنی دۆلاری بۆ عێراق راگرت، بەڵام هاوکارییەکانی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بەردەوامن.