رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتێکی نهێنیی هەواڵگریی حکومەتی عێراق، باسی بەقاچاخبردنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان لە کێڵگەکانی کەرکووک و هەرێمی کوردستانەوە لە رێگەی دوو رێڕۆی سەرەکییەوە بەرەو تورکیا، ئێران و ئەفغانستان دەکات. ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، ئەوەی پێشابوور قاچاخ نییە و لەگەڵ جورف سەخر بە تەواوی جیاوازە. بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمان دەڵێ، "بەقاچاخبردنی نەوت پەیوەندیی بە هەرێمی کوردستانەوە نییە."
راپۆرتەکە باس لە رێڕۆیەک دەکات، کە بە "هێڵی رۆژهەڵات" ناوی بردووە و تێیدا نەوت لە کێڵگەکانی کەرکووک و سلێمانییەوە دەگوازرێتەوە بۆ ئێران و دواتر بەرەو ئەفغانستان. بەشێکی دیکەی راپۆرتە هەواڵگرییەکە تەرخانکراوە بۆ "هێڵی باکوور" کە بەرەو تورکیا دەڕوات. لەو پێگەیەدا بە شەو و رۆژ و لە کاتی جیاوازدا پرۆسەی پڕکردنی تانکەرەکان لە نەوتی خاو بەدیکراوە. راپۆرتەکە ئەو پێگەیەی پێشابووری بە یەکێک لە گرنگترین ئەو شوێنانە ناوبردووە و تێیدا نەوت دەبرێتە تورکیا.
لەو بارەوە سروە محەممەد، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی تشرینی دووەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەقاچاخبردنی نەوت پەیوەندیی بە هەرێمی کوردستانەوە نییە، چونکە حکومەتی عێراق لە هەموو ئەو دەروازانەی تایبەتن بە هەرێمی کوردستان، بازگەی داناوە و لە هەموو بازگەکانیشدا نوێنەری 10 بۆ 12 بەڕێوەبەرایەتیی ئەمنی، سەربازی و مەدەنیی حکومەتی عێراقی هەن."
سروە محەممەد، کە نوێنەری گەرمیانە لە پەرلەمانی عێراق، گوتی، "ئەگەر هەر بەقاچاخبردنێکی نەوتیش لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراقەوە بەرەو هەرێمی کوردستان بێت، ئەوا پەیوەندیی بە خودی حکومەتی عێراق و ئەو گەندەڵییەوە هەیە، کە لە عێراقدا بوونی هەیە."
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوە کرد، "بە دڵنیاییەوە قاچاخچێتیی نەوت لە هەموو ناوچەکانی عێراقەوە دەکرێت، ئەمەش پێویستی بە رێکخستنەوەی سیاسەتی گومرگی و سەربازیی لایەنی عێراقی هەیە بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکات."
هەروەها رایگەیاند، "لە ساڵی 2022ـەوە عێراق بازگەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان داناوە و بەبێ رەزامەندیی حکومەتی عێراق، هیچ بارێک، تەنانەت بەرهەمی نێوخۆییش، ناچێتە نێو عێراقەوە، بۆیە دەسەڵاتی دەروازەکان لە دەستی خودی حکومەتی عێراقیدایە."
هەر لەوبارەوە، بناس دۆسکی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەوەی پێشابوور بە تەواوی لە جورف سەخر جیاوازە، ئەوەی جورف سەخر دزینی نەوتە، بەڵام لە پێشابوور کۆمپانیایەکی نەوتی کاردەکات نەچووەتە نێو رێککەوتنی سێقۆڵی ساڵی 2025ی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوت و حکومەتی فیدراڵی عێراق ، چونکە ئەو کۆمپانیایە پێش ئەو کاتە بای نزیکەی 300 ملیۆن دۆلار نەوتی داوەتە حکومەتی عێراقی و پارەی خۆی وەرنەگرتوە، بۆیە کۆمپانیاکە باوەڕی بەو رێککەوتنە نەبوو، رایگەیاند، ئەو ناچێتە نێو ئەو رێککەوتنە ، گرێبەستی لەگەڵ کڕیاری ناوخۆیی کردووە".



