رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا وەزارەتی دارایی فیدراڵی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات، لە بەرامبەردا حکومەتی هەرێمی کوردستان 120 ملیار داهاتی نانەوتی رادەست دەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە 26ی ئابی 2025 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبووەوە.
دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا خستەڕوو و لەبارەی مووچەوە گوتی، "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیراندا راپۆرتێکی وەزاریی تایبەت بە پابەندییە داراییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان خرایەڕوو."
عەوادی رایگەیاند، "ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا وەزارەتی دارایی مووچەی هەرێم[ی کوردستان] بۆ مانگی حوزەیرانی 2025 خەرج بکات. دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بڕی 120 ملیار دینار لە داهاتی نانەوتی رادەست بکات، ئەوەش بەگوێرەی دەقی بڕیاری ژمارە 24636ی ئەنجوومەنی وەزیران."
گوتەبێژی حکومەتی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتیی ناکۆکییەکان، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری داوە تیمێکی یاسایی پێکبهێندرێت بە مەبەستی یەکلاییکردنەوەی ئەو کێشە یاساییانەی پەیوەستن بە داهاتە نانەوتییەکانەوە.
بەگوێرەی بڕیارەکە، تیمە یاساییەکە پێکدێت لە:
• راوێژکاری یاسایی سەرۆکوەزیرانی عێراق
• سەرۆکی فەرمانگەی یاسایی لە ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق
• نوێنەری وەزارەتی دارایی عێراق
• نوێنەری دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی
باسم عەوادی گوتی، ئەو تیمە "بە هاوئاهەنگی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا" کارەکانی دەکات بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی یاسایی هەمیشەیی بۆ پرسی داهاتی نانەوتی. هاوکات، لیژنە هاوبەشەکانی دیکەش لە کارەکانیان بەردەوام دەبن.
ئەم ئێوارەیە سەرچاوەیەک وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سبەی دەست بە رێکارەکانی ناردنی 120 ملیار دینارەکە دەکەین. رێکارەکە بریتییە لە کۆکردنەوەی پارەکە و دواتر گواستنەوەیەتی بۆ سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق".
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیەی رووداو، هەر کاتێك نووسراوەی خەرجکردنی پارەکە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق نێردرا، ئەوانیش 120 ملیار دینارەکە دەخەنە سەر هەژماری وەزارەتیی دارایی عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ