ئێران: تەنگەی هورمزیش بکرێتەوە، نرخی نەوت ناگەڕێتەوە بۆ خوار 80 دۆلار

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی یەکێتیی هەناردەکارانی بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران دەڵێت، نرخی راستەقینەی نەوت لەو نرخانە زیاترە کە ئێستا هەیە. دەشڵێت، "تەنانەت ئەگەر تەنگەی هورمزیش بکرێتەوە، نرخی نەوت بۆ خوار 80 دۆلار دانابەزێت."
 
ئەمڕۆ دووشەممە 27ی نیسانی 2026 سەید حەمید حوسێنی رایگەیاند، بازاڕی نەوت و نرخی نەوت لەژێر کاریگەریی تووندی گۆڕانکارییە سیاسییەکاندایە، لەوانەش دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، گەمارۆ دەریاییەکان و دۆخی تەنگەی هورمز.
 
گوتەبێژی یەکێتیی هەناردەکارانی بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران گوتی، "بەهۆی کەمبوونی خستنەڕوو، دابەزینی یەدەگی ستراتیجی و دروستبوونی ئاستەنگ لە بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتانی کەنداو، بازاڕی جیهانی رووبەڕووی کورتهێنانی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان بووەتەوە و نرخەکان روویان لە بەرزبوونەوە کردووە."
 
حەمید حوسێنی هۆشداریی دا، ئەگەر گەمارۆ دەریاییەکان و سنووردارکردنەکان بەردەوام بن، ئەگەری ئەوە هەیە نرخی هەر بەرمیلێک نەوت بۆ زیاتر لە 150 دۆلاریش بەرزببێتەوە.
 
دەربارەی ئەگەری کۆتاییهاتنی گرژییەکانیش، حوسێنی گوتی، "تەنانەت ئەگەر جەنگیش کۆتایی بێت و رێڕەوەکانی گواستنەوە بکرێنەوە، ئاساییبوونەوەی دۆخەکە کاتی زۆری دەوێت؛ بۆیە زۆر دوورە نرخی نەوت جارێکی دیکە بۆ کەمتر لە 80 دۆلار دابەزێت."
 
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە 28ی شوبات و سەرەتای جەنگی 40 رۆژەوە، ئێران تەنگەی هورمزی داخستووە و تەنیا رێگە بە کەشتییە بازرگانی و نەوتهەڵگرەکانی خۆی و هاوپەیمانەکانی دەدات کە لە تەنگەکە تێپەرن.
 
لە بەرامبەریشدا، ئەمریکا لە 13ی نیسانی 2026ـەوە گەماڕۆیەکی توندی لەسەر کەشتی و بەندەرەکانی ئێران سەپاندووە.
 
داخستنی تەنگەی هورمز لە لایەن ئێرانەوە و گەماڕۆیی دەریایی ئێران لە لایەن ئەمریکاوە بوونەتە یەکێک لە بەربەستە سەرەکییەکان بۆ بەڕێوەچوونی گەڕی دووەمی دانوستاندنەکانی ئێران و ئەمریکا کە پاکستانی نێوەندگیر هەوڵی بۆ دەدات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە