رووداو دیجیتاڵ
نرخی بلیتی فڕۆکە لە هەرێمی کوردستان بەرز بووەتەوە. بریکاری هێڵێكی فڕۆکەوانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەڵێ، هۆکارەکە جەنگ و کاریگەرییەکانییەتی. بەڕێوەبەری کارگێڕیی کۆمەڵەی کۆمپانیا گەشتیارییەکانیش دەڵێ: "هاتووچۆی گرووپی گەشتیاری بووەتە سفر".
لە 28ی شوباتی 2026 و لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، ئاسمانی عێراق بە رووی گەشتە ئاسمانییەکاندا داخرا و 10ی نیسان ئاسمانەکە بەڕووی گەشتەکاندا کرایەوە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ 25ـی نیسان گەشتە ئاسمانییەکان وەک پێش جەنگ ئاسایی نەبوونەتەوە.
نرخی بلیتی فڕۆکە
لاوەند مەموندی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای فلای ئەربیل، رۆژی شەممە، 25ـی نیسانی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نرخی بلیت 25% بۆ 30% بەرزبووەتەوە، بەڵام ئێمە هەوڵ دەدەین نرخ زۆر بەرز نەکەینەوە، بەڵکو بە نرخێک بێ کە لەبری قازانجکردن تەنیا خۆبژێوی بێت".
بە گوتەی مەموندی، فلای ئەربیل ئێستا رۆژانە گەشتی بۆ ئەڵمانیا، هۆڵەندا، دانیمارک، بەریتانیا و تورکیا هەیە.
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری فلای ئەربیل دەڵێ: "نرخی بلیتەکانمان بۆ مانگەکانی حەوت و هەشت و دواتر بەرزنەکردووەتەوە. گەشتیاران دەتوانن لە ئێستاوە بلیتی ئەو مانگانە بە نرخی ئاسایی ببڕن. هەموو شتێک دەکەین لە پێناو نرخێکی کەمتر و رەزامەندی گەشتیاراندا".
لەبارەی هەمان بابەت، ئیدریس ئامێدی، بریکاری کۆمپانیای فڕۆکەوانیی (Wizz Air) لە عێراق، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نرخی هەموو بلیتەکان 20% بۆ 25% لە هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە، ئەوەش بە هۆکاری جەنگ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە".
ئیدریس بریکاری، پێشووی هێڵی ئاسمانیی عێراق بووە لە هەولێر و دهۆک و دەڵێ: "پێشتر بلیتی فڕۆکە لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە بۆ بەغدا 180 هەزار دینار (نزیکەی 120 دۆلار بوو)، ئێستا بەرزبووەتەوە بۆ 215 هەزار دینار (نزیکەی 140 دۆلار)".
بریکاری عێراقی کۆمپانیای فڕۆکەوانیی (Wizz Air) گوتی: "بەهۆی بەرزیی نرخەوە چەند گەشتێکی عومرە هەبوون کە هەموویان راگیراون. پێشتر بلیتی هاتن و چوونی عومرە 360 دۆلار بوو، ئێستا بە 410 دۆلارە بۆ مانگی شەشی ئەم ساڵ".
هەروەها رێبوار ئازاد، بەڕێوەبەری کارگێڕیی کۆمەڵەی کۆمپانیا گەشتیارییەکان لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نرخی هەموو بلیتەکان بەرزبووەتەوە، بەجۆرێک پێش جەنگ لە مانگی شوبات بلیتێکی چوون و هاتن بۆ تورکیا 200 دۆلار بوو، بەڵام ئەمڕۆ تەنیا چوون بە 350 دۆلارە".
هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی بلیت
ئیدریس ئامێدی، بریکاری کۆمپانیای فڕۆکەوانیی (Wizz Air) لە عێراق گوتی: "هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخ، بەشێکی بۆ بەرزبوونەوەی نرخی دڵنیایی سەلامەتی فڕۆکەوانی لە لایەن کۆمپانیاکانەوە بۆ فڕۆکە و کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی دەگەڕێتەوە، کە بەهۆی دۆخی ناوچەکەوە نرخیان بۆ نزیکەی دوو هێندە بەرزکردووەتەوە، ئەوەش تەنیا بۆ عێراق نییە و بۆ وڵاتانی ناوچەکە هەمووی وایە".
هەروەها لاوەند مەموندی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری فلای ئەربیل گوتی: "یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەرزبوونەوەی نرخی بلیت بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنییە. پێشتر گاڵۆنێک بەنزین دەوروبەری سێ دۆلار بوو، ئێستا بە حەوت دۆلارە".
گەشتەکان زۆر کەمبوونەتەوە
بریکارەکەی پێشووی هێڵی عێراقییە گوتی: "پێشتر تەنیا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە هێڵی عێراقییە مانگانە نزیکەی 11 هەزار تیکتی گەشتی دەفرۆشت بۆ گەشتە نێوخۆییەکان، ئێستا رۆژانە تەنیا دوو گەشتیی نێوخۆیی هەیە".
ئیدریس ئامێدی ئاماژەی بە گەشتە نێودەوڵەتییەکان کرد و گوتی: "هەموو گەشتە نێودەوڵەتییەکان بە رێژەی زۆر کەمیان کردووە، بۆ نموونە، هێڵی ئاسمانیی عێراقییە پێشتر مانگانە تەنیا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە 4 هەزار و 500 بۆ 5 هەزار تیکتی دەفرۆشت بۆ گەشتەکانی، بەڵام ئێستا بووە بە سفر".
هەروەها رێبوار ئازاد، بەڕێوەبەری کارگێڕیی کۆمەڵەی کۆمپانیا گەشتیارییەکان گوتی: "بەهۆی دۆخی ناوچەکەوە گەشتەکان زۆر کەم بوونەتەوە، بە جۆرێک ئەو گرووپە گەشتیارییانەی لە هەرێمی کوردستانەوە دەچوونە دەرەوە، یان لە دەرەوە دەهاتنە هەرێمی کوردستان، نەماون و بوونەتە سفر".
رێبوار ئازاد گوتی: "دۆخەکە دوای کرانەوەی ئاسمانی عێراق بە رووی فڕۆکەدا وردە و وردە بەرەو باشبوون دەچێ. ئەگەر ئارامی لە ناوچەکە بەردەوام بێ، پێشبینی دەکەین ئەو گۆڕانکارییانەی روویانداوە ئاسایی ببنەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ