بەهای دینار بەرامبەر دۆلار چی لێدێت؟ پسپۆڕێک روونی دەکاتەوە

27-05-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی سلێمانی، چەند هۆکارێک بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی دەخاتەڕوو، یەکێکیان ئەوەیە حکومەتی عێراق دۆلاری زۆر دەفرۆشێت.
 
جەبار گۆران، پسپۆڕی کارگێڕیی دارایی و بازرگانی و گوتەبێژی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی سلێمانی دەڵێت، "خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە زۆرە؛ هەروەها ئەم ماوەیە حکومەتی عێراق کورتهێنانی دیناری هەیە و دۆلارێکی زۆر دەفرۆشێت بۆئەوەی دیناری بازاڕ بۆ نێو سیستمی بانکی بکشێنێتەوە، ئەمەش بۆ جێبەجێکردنی پابەندبوونە داراییەکانی وەکو مووچەی فەرمانبەران، خەرجیی وەزارەتەکان و وەبەرهێنان. هەموو ئەوانە وایان کردووە خستنەڕووی دۆلار زۆر بێت و خواست لەسەر دیناری عێراقی زیاد بکات."
 
سەبارەت بە لایەنی جیۆسیاسی و خێرایی حەواڵە، گوتەبێژی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی سلێمانی گوتی، "ئێستا ئەمریکا و ئێران لە دانوستاندندان؛ پێشتر هەر دۆلارێک کە بانکی ناوەندی دەیفرۆشت بۆ کاش و حەواڵە، دەبوو سەرچاوەی دەرچوونەکەی دیاربوایە و پشکنینی دۆکیۆمێنتەکان کاتێکی زۆری دەخایاند. ئێستا تا رادەیەک چاوپۆشی دەکرێت و بانکی ناوەندی زیاتر دەستکراوەیە بۆ فرۆشتنی دۆلار."
 
ئەو پسپۆڕەی کارگێڕیی دارایی و بازرگانی گوتیشی، "حەواڵەی دەرەکی لە رێگەی کۆمپانیاکانەوە زۆر خێرا بووە بەراورد بە رابردوو. پێشتر بازرگان هەبوو مانگێک بۆ مانگ و نیوێکی پێدەچوو تاوەکو پارەکەی دەگەیشت، بەڵام ئێستا لە پێنج بۆ حەوت رۆژدا دەگاتە جێگەی مەبەست؛ لە مانگی شەشەوە بڕیارە لە 24 کاژێر بۆ 72 کاژێردا بگات. ئەمە هانی بازرگان دەدات پەیوەندی لەگەڵ بانکدا بکات نەوەک بازاڕ. 99.99%ی بازرگانە مۆڵەتپێدراوەکان لە رێگەی بانکەوە حەواڵە دەکەن، بەوەش خواست لەسەر دۆلار لە بازاڕی نافەرمی کەم دەبێتەوە."
 
لەبارەی بازرگانە بچووکەکانەوە جەبار گۆران ئاماژەی بەوە کرد، "پێشتر بازرگانە بچووکەکان بەهۆی نەبوونی مۆڵەتی فەرمیی کۆمپانیاوە نەیاندەتوانی هەژماری بانکیی کۆمپانیا بکەنەوە، بۆیە لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراودا دۆلاریان دەکڕی و هەر لەوێشەوە حەواڵەیان دەکرد، کە ئەمە نزیکەی 60%ی بازرگانیی عێراق و هەرێمی کوردستانی پێکدەهێنا؛ بەڵام ئێستا ئەو جۆرە بازرگانییە بچووکانە لە رێگەی کارت بانکەوە پارەدار دەکرێ و دەتوانن دینار دابنێن و لە دەرەوە مامەڵەکانیان پێ رایی بکەن. کاتێک خواستی بازرگانی بچووک دابین دەکرێت، خواست لەسەر دۆلار لە بازاڕدا کەم دەبێتەوە."
 
سەبارەت بە نرخ و ئامانجی بانکی ناوەندی، جەبار گۆران ئەوەی خستەڕوو، "دینار لە دەوروبەری 140 هەزار دەبێت بۆ 100 دۆلار. ئەگەر زیاتریش دابەزێت، جارێکی دیکە بەرزدەبێتەوە، چونکە لە بەرژەوەندی بانکی ناوەندی نییە 100 دۆلار بۆ خوار 140 هەزار دینار دابەزێت."
 
گوتەبێژی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی سلێمانی دەڵێت، "ئەگەر دابەزینی بەهای دۆلار بەردەوام بێت، رەنگە پرۆسەی حەواڵەی دەرەکی پاشەکشە بکات. بازرگان لەبەر ئەوەی دۆلارەکەی بە هەرزانتر دەستدەکەوێت، روو لە بانکی ناوەندی دەکات؛ بەڵام کاتێک نرخی بازاڕ زۆر لە نرخی فەرمی بانکی ناوەندی نزیک بووەوە، ئەو کات بازرگان لە بازاڕ دەیکڕێت، چونکە پرۆسەی حەواڵەکەی خێراترە و باجیش نادات. بۆیە پێویستە بەهاکە لەگەڵ بانکی ناوەندیدا 10 بۆ 12 هەزار دینار جیاوازی هەبێت."
 
ئەو پسپۆڕە گوتیشی، "تێچووی حەواڵەی دەرەکی بە باج و رسوماتەوە نزیکەی 136 بۆ 138 هەزار دینار دەکەوێت بۆ 100 دۆلار. بۆیە ئامانجی سەرەکی بانکی ناوەندیی عێراق ئەوەیە نرخی 100 دۆلار لە دەوروبەری 145 هەزار دینار بێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە