4600 پارچە زەوی کارت لە سنووری پارێزگای هەولێر تاپۆدەکرێن

27-08-2014
دلۆڤان سلاحشۆڕ
نیشانەکردن زەوی
A+ A-

رووداو - هەولێر

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیاری تاپۆکردنی بۆ 4600 پارچە زەوی لە سنووری پارێزگای هەولێر دەرکرد، کە ئێستا تەنیا کارتیان هەیە، ئەم پارچە زەوییانەش کە بڕیاری تاپۆکردنیان دراوە دەکەونە کەرتی تیمار.

عەبدولرەحمان گەزنەیی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر بە وەکالەت، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "دوای تاپۆکردنی ئەم 4600 پارچە زەوییە، 30 هەزار پارچە زەوی دیکەش لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر لە قۆناخی جێبەجێکردندان بۆ ئەوەی تاپۆبکرێن، کە 18 هەزار لەم پارچە زەوییانە دەکەونە کەرتی با‌غە و منارەو ئێستا لە قۆناخی تۆمارکردندان".

گوتیشی: "جگە لەمانە 12 هەزار پارچە زەوی دیکەش کە کارتن لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی شارەوانییەکانی قەزا و ناحیەکان لە پلاندایە بۆ ئەوەی تاپۆ بکرێن".

هەروەها سەبارەت بەو زەوییە کشتوکاڵیانەی کە لەلایەن خاوەنەکانیان کراونەتە پارچە زەوی جیا جیا و بە هاونیشتمانیانی دەفرۆشن. د.لوقمان عومەر بەڕێوەبەری گشتی تۆمارکردنی خانووبەرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، خاوەنەکانیان بەپێی یاسا لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت، چونکە بە گووتەی ئەو نابێت زەوی کشتوکاڵی بێ رەزامەندی بکرێت بە پارچە زەوی نیشتەجێبوون.

سەبارەت بەوانەی کە خانوو بینایان لەسەر ئەم پارچە زەوییانە دروستکردووە، ناوبراو رایگەیاند "ئەو خانووانە وەک تەجاوز مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە