رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە فیلمی سینەمایی (زەوی سەخت و ئاسمان دوور)، کە بە زمانێکی شیعری و شێوازی ریالیزمی جادوویی باس لە دۆخی دەروونیی مرۆڤی دوای جەنگ دەکات، لە سینەماکانی کوردستان پێشان دەدرێت.
فیلمەکە لە دەرهێنانی هەوراز محەممەدە و سیناریۆی بە هاوبەشی لەگەڵ مەنسوور تەیفووری نووسراوە. بەرهەمی دەزگای کەلتووریی غەزەلنووس و کۆمپانیای لامیدیایە، تێیدا هونەرمەندانی چوار پارچەی کوردستان بەشدارن.
هەوراز محەممەد، دەرهێنەری فیلمەکە، لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)ـی رووداو، رایگەیاند: "فیلمەکە هەوڵدەدات وێنەی مرۆڤی دوای جەنگ پێشان بدات. بە شێوەیەکی گشتی، فیلمەکە جیاوازە و باس لە بابەتێکی قووڵی دەروونی دەکات."
دەرهێنەر ئاماژەی بەوەدا کە فیلمەکە لە رووی گێڕانەوە و وێنەگرتنەوە پشت بە شێوازی شیعری دەبەستێت و گوتی: "هەوڵمانداوە لانسکەیپێکی جوانی کوردستان نمایش بکەین و لە رووی وێنەییەوە ئاستێکی بەرزی کوالیتیمان هەبێت."
لەبارەی شێوازی ریالیزمی جادوویی لە فیلمەکەدا، هەوراز محەممەد روونیکردەوە، ئەمە لە کولتووری کۆمەڵایەتیی کوردەوارییەوە سەرچاوەی گرتووە، وەک باوەڕبوون بە خەونی ناخۆش و فاڵگرتنەوە و گوتی: "ئەمە جۆرێکە لە بیرکردنەوەی ریالیزمی جادوویی کە پێیوایە بەردەوام لە دوای شتێکەوە؛ شتێکی نادیار هەیە."
چیرۆکی فیلمەکە باس لە پیاوێکی کرێکاری تەمەن 60 ساڵان دەکات و گیرۆدەی دەردێکی دەروونی بووە کە بەهۆی کاریگەرییەکانی جەنگەوە تووشی بووە. ئەو بەردەوام خەونی ناخۆش دەبینێت و هەموو شتێک لە ژیانیدا بە شووم دەزانێت، بۆیە بەدوای چارەسەردا دەگەڕێت.
لەبارەی پەیامی فیلمەکەوە، هەوراز محەممەد گوتی، فیلمەکە باس لە گرنگیی گێڕانەوەی رووداوەکان دەکات بۆ ئەو کەسانەی تووشی تەنگژەی پاش زەبری دەروونی (PTSD) بوون، چونکە گێڕانەوەکە دەبێتە هۆی چارەسەر. هەروەها گوتی: "ئەنجامی فیلمەکە ئەنجامی لێخۆشبوون و پاکبوونەوەیە. پەیامی سەرەکیی فیلمەکەش وازهێنانە لە بیری تۆڵەکردنەوە، چونکە بەبڕوای ئێمە کۆمەڵگەکانی رۆژهەڵات؛ پێویستیان بە لێخۆشبوون و لە یەکدی خۆشبوون هەیە."
دوای پێشاندانی فیلمەکە لە سینەماکانی کوردستان، بڕیارە فیلمی "زەوی سەخت و ئاسمان دوور" بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵە سینەماییە نێودەوڵەتییەکاندا بنێردرێت.
بڕیارە فیلمەکە لە 10ـی ئەیلوول لە سینەما سالم لە سلێمانی و 13ـی ئەیلوول لە سینەما هەولێر پێشان بدرێت، دواتریش لە سینەماکانی دیکەی کوردستان پێشاندەدرێت، پاشان بۆ فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکان دەنێردرێت.
هەوراز محەممەد خاوەنی 17 کورتە فیلم و 19 بەڵگەفیلمە، لە هەشت فیلمی درێژی سینەماییدا کاری کردووە و ماستەری لە سینەمادا هەیە. وەک نووسەر و رەخنەگر، خاوەنی چەندین کتێب و بابەتی رەخنەییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ