هەوراز محەممەد: (زەوی سەخت و ئاسمان دوور) چیرۆکی هەموو تاکێکی کوردە

02-09-2025
پەسار فایەق
پۆستەری سەرەکیی فیلمی (زەوی سەخت و ئاسمان دوور)
پۆستەری سەرەکیی فیلمی (زەوی سەخت و ئاسمان دوور)
نیشانەکردن زەوی سەخت و ئاسمان دوور هەوراز محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فیلمی سینەمایی (زەوی سەخت و ئاسمان دوور)، یەکەم فیلمی سینەمایی هەوراز محەممەد، فیلمسازی کوردە کە بە فۆرمێکی شیعری و ناوەڕۆکێکی ریالیتی جادوویی بەرهەمهێنراوە. بڕیارە لە سینەماکانی کوردستان پێشانبدرێت. 
 
فیلمەکە درامایی و کۆمەڵایەتییە، لە نووسینی هەوراز محەممەد و مەنسوور تەیفورییە، ئەکتەری چوار پارچەی کوردستان تێیدا بەشدارن، بەختیار پەنجەیی، مریەم بووبانی، ئەژدەر سازگار و دیمەن زەندی رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن. 
 
رەوەز حەمەساڵح، بەرهەمهێنەری فیلمەکەیە. بەرهەمی دەزگای كەلتووریی غەزەلنووسە و كۆمپانیای لامیدیا لە بەرهەمهێنانیدا بەشدارە. بەڕێوەبەری هونەری بەرهەم تەیب و بەڕێوەبەری وێنەگرتن سالم سەڵەواتییە.
 
بڕیارە فیلمەکە لە 10ـی ئەیلوولی 2025 لە سینەما هەولێر و سینەما سالم لە سلێمانی پێشان بدرێت. بڕیارە دوای نمایشی ناوخۆیی، بۆ فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکان بنێردرێت.
 
هەوراز محەممەد بە رووداوی راگەیاند: "بە بڕوای من باشترین رێگە ئەوەیە چیرۆکی راستەقینەی خەڵک وەک فیلم بەرهەمبێنیت. (زەوی سەخت و ئاسمان دوور) گرێدراوی دۆخی کوردە. هەرچەند چیرۆکەکە لە باشووری کوردستانە، بەڵام گرێدراوی چوار پارچەی کوردستانە و چیرۆکی هەموو تاکێکی کورد لەخۆی دەگرێت."
 
دەرهێنەر ئاماژەی بەوەشدا، فیلمەکە باس لە کوردبوون، عەشق و جەنگ دەکات و لە رووی تەکنیکەوە گێڕانەوەیەکی زۆر هونەریی هەیە، دەتوانێت سەرنجی فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی فیلم رابکێشێت. گوتیشی: "بینەری ئێمە زۆر ورد و زرینگە، چونکە سەیری فیلمی جیهانی دەکات و چاوەڕێی ئەوەی هەیە فیلمێکی باش ببینێت."
 
روونیشیکردەوە: "فیلمەکە بەرهەمی هەوڵ و ماندووبوونی کۆمەڵێک هاوڕێیە کە خەونێکی هاوبەش کۆی کردوونەتەوە. فیلمەکە لە فۆڕمدا شیعرییە و لە ناوەڕۆکدا شێوازی ریالیزمی جادووییە، هەوڵدەدات وێنەی مرۆڤی دوای جەنگ نیشان بدات."
 
چیرۆکی فیلمەکە باس لە پیاوێکی تەمەن 60 ساڵ دەکات بە ناوی هاڕوون، وەک کرێکارێک لە کارگەی تواندنەوەی ئاسن کار دەکات، گیرۆدەی دۆخێکی دەروونییە و بەردەوام خەونی ناخۆش دەبینێت، هەموو شتێک لە ژیانیدا شووم دەردەکەوێت. فیلمەکە بەدواداچوونە بۆ چارەسەرییەک بۆ ئەو دۆخە دەروونییە.
 
هەوراز محەممەد خاوەنی 17 کورتە فیلم و 19 بەڵگەفیلمە، لە هەشت فیلمی درێژی سینەماییدا کاری کردووە و ماستەری لە سینەمادا هەیە. وەک نووسەر و رەخنەگر، خاوەنی چەندین کتێب و بابەتی رەخنەییە. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە