رووداو دیجیتاڵ
لە نێو کەشێکی سارددا لە دەوروبەری سلێمانی، دوایین رۆژەکانی وێنەگرتنی فیلمێکی بڵندی کوردی بەڕێوەدەچێت.
"زەوی سەخت و ئاسمان دوور" ناوی فیلمێکی نوێیە، چیرۆکەکەی وێنەی تێکشکاوی مرۆڤی دوای جەنگ دەخاتەڕوو.
هەوراز محەممەد دەرهێنەری فیلمەکەیە و سیناریۆکەی بە هاوبەشی لەگەڵ مەنسوور تەیفووری نووسیوە. ستافی فیلمەکە فیلمسازانی چوار پارچەی کوردستانن.
هەوراز محەممەد، دەرهێنەری فیلمەکە بە رووداوی راگەیاند، چیرۆکی فیلمەکە بەشێکی پەیوەستە بەو رووداوانەی لە 40 ساڵی رابردوودا بەسەر کورد هاتوون، لە بەشێکیدا باس لەوە دەکرێت جەنگ چ کاریگەرییەک لەسەر مرۆڤ دروست دەکات، ئەو جەنگە یەک لە دوای یەکێانە چ کارەساتێکی کۆمەڵایەتی، سیاسی و دەروونیان لەسەر مرۆڤ دروستکردووە.
لە فیلمەکەدا، بەختیار پەنجەیی، مریەم بووبانی، ئەژدەر سازگار و دیمەن زەندی و چەندین ئەکتەری دیکە رۆڵی تێدا دەگێڕن.
بەختیار پەنجەیی، ئەکتەری سەرەکیی "زەوی سەخت و ئاسمان دوور" بە رووداوی گوت، سیناریۆی فیلمەکە بەر لە شەش مانگ هاتە بەردەستی و خۆی بۆ رۆڵگێڕان لەو بەرهەمەدا ئامادە کرد.
گوتیشی، هەوراز محەممەد سیناریۆیەکی زۆر باشی بۆ فیلمەکە نووسیوە، بە دڵی بووە و خۆشیویستووە و ئەو شانازییەی بۆ رەخساوە لەو کارەدا بەشدار بێت، "لەگەڵ ستافێکی زۆر باش کە لە دڵەوە کار دەکەن".
وێنەگرتنی فیلمەکە لە سەرەتای کانوونی دووەمی 2024 دەستیپێکردووە و 30 رۆژی خایاندووە. سالم سەڵەواتی، وێنەگری کورد، فیلمەکەی وێنەگرتووە.
رەوەز حەمەساڵح، بەرهەمهێنەری فیلم، بە رووداوی راگەیاند، چەند مانگێک ئامادەکاری بۆ بەرهەمهێنانی فیلمەکە کراوە و ئێستا لە قۆناخی کۆتایی وێنەگرتندایە.
"زەوی سەخت و ئاسمان دوور" ئیدیۆمێکی کوردییە و گوزارشت لە دۆخێکی ناهەموار و پڕ تەنگژە دەکات، بەجۆرێک ئەوەی بەردەستە سەخت و ئەستەمە و هیوا بەخش نییە. هەروەها ناوی دیوانێکی شیعریی مارف ئاغایی، شاعیری کۆچکردووی کوردە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ