راوێژکارێکی سوودانی بۆ رووداو: هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان رۆژانە 14 ملیۆن دۆلار داهاتی عێراق زیاد دەکات

27-09-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیێنێت، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی ستراتیژییە و داهاتی رۆژانەی عێراق 14 ملیۆن دۆلار زیاد دەکات. دەشڵێت، بەشداریکردنی کۆمپانیا بیانییەکان لە رێککەوتنەکەدا، متمانەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بەهێز دەکات.
 
موزهر محەممەد ساڵح، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی، ئەمڕۆ شەممە، 27-09-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رێککەوتنی سێقۆڵیی نێوان بەغدا، هەولێر و کۆمپانیا بیانییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە، هەنگاوێکی یاسایی و تەکنیکییە و لەگەڵ هەموارکراوی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی ژمارە 13ی ساڵی 2023دا گونجاوە.
 
راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو هەموارکردنەوەیە پەیوەندیی بە هەڵسەنگاندنی گرێبەستەکانی وەبەرهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان و تێچووی بەبازاڕکردنەوە هەیە، کە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە لە شوباتی 2025 پەسند کرا و بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانیش بە ئاراستەی جێبەجێکردنی ئەو یاسایە بوون. ئەو رێککەوتنە سێقۆڵییە هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی هەناردەکردنی نەوت، کە لە مانگی ئاداری 2023ـەوە بەردەوامە.
 
لەدوای ئاداری ساڵی 2023 بۆ یەکەمجار نەوتی کوردستان رەوانەی بازاڕەکانی نەوتی جیهان رەوانە دەکرێت. بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، کاژێر 06:50 قوفڵی بۆرییەکان کرانەوە. 
 
موزهر محەممەد ساڵح دەڵێت، رێککەوتنەکە رۆژانە رێگە بە هەناردەکردنی نزیکەی 230 هەزار بەرمیل نەوت دەدات، کە داهاتی نەوتی عێراق بە نزیکەی 14 ملیۆن دۆلار زیاد دەکات. گوتیشی، سەرەڕای ئەوەش، عێراق پابەندە بە بەشە بەرهەمهێنانی خۆی لە چوارچێوەی "ئۆپێک پڵەس"دا، واتە زیادبوونی هەناردەکردن لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان لە ناوچەکانی دیکەی بەرهەمهێنەری نەوتی وڵاتەکە هاوسەنگ دەکرێتەوە و بەمەش کۆی هەناردەکردنی نەوت بە شێوەیەکی گشتی زیاد ناکات.
 
راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی جەختی لەوە کردەوە، "بەشداریکردنی کۆمپانیا بیانییەکان وەکو لایەنێکی سەرەکی لە رێککەوتنەکەدا، گەرەنتیی داراییان پێدەدات و متمانە بە بەردەوامیی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بەهێز دەکات. ئەمەش خزمەت بە بەرژەوەندیی وەبەرهێنەرانی نێودەوڵەتی لە هەموو بوارەکانی وەبەرهێنانی وزە لە عێراقی فیدراڵیدا دەکات".
 
لە ئاداری ساڵى 2023وە و لە ئەنجامی بڕیارێکی دادگەی پاریس، هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە راگیرا، کە ئەوکات لەگەڵ نەوتى کەرکووکدا بڕەکەى رۆژانە دەگەیشتە نزیکەى 400 هەزار بەرمیل.
 
بەڵام دوای رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر شێوازی هەناردەکردنەوە و رێککەوتنی سێقۆڵیش لەگەڵ کۆمپانیاکان، ئەمڕۆ جارێکی دیکە هەناردە دەستیپێکردەوە.
  
لە قۆناخی یەکەمدا 190 هەزار بەرمیل هەناردە دەکرێت و، 24 بۆ 48 کاژێر پێویستە تاوەکو نەوت دەگاتە بەندەری جەیهان.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەرووی هورمز

شارەزایەکی بازرگانی: داخستنی گەرووی هورمز بازاڕی عێراق و هەرێمی کوردستان تێکدەدات

شارەزایەکی بواری گواستنەوەی نێودەوڵەتی رایدەگەیێنێت، داخستنی گەرووی هورمز بازاڕی عێراق و هەرێمی کوردستان تێکدەدات و حکومەتی عێراق ناچار دەکات رێڕەوی بازرگانیی خۆی بەرەو بەندەری مێرسینی تورکیا بگۆڕێت، کە ئەوەش تێچوویەکی زۆرتر و کاتێکی زیاتری دەوێت