رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوت و وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی دەستپێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوت کۆدەبنەوە.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 28ـی ئابی 2025، بە رووداوی راگەیاند، بڕیارە 02ی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوت و وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەغدا کۆببەنەوە، بەمەبەستی درێژەدان بە گفتۆکانیان لەبارەی رێککەوتنی نێوانیان بۆ دەستێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کۆمپانیاکانی نەوتی راگەیاندووە کە گەرەنتی بۆ ئەو کۆمپانیایانە بەرامبەر بەوەی شایستەی داراییان پێبدرێت، یاسای بودجەی گشتییە، کە تێیدا ئەو پابەندبوونە داراییە دیاریکراوە.
بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تایبەت بە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، پێویستە 230 هەزار بەرمیل نەوت بۆ هەناردەکردن رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بکرێت، 50 هەزار بەرمیلی دیکەش بۆ نێوخۆی هەرێمی کوردستان تەرخان بکرێت.
بەگوێرەی هەمواری یاسای بودجە، عێراق و هەرێمی کوردستان 60 رۆژیان لەبەردەمە بۆ رێککەوتن لەسەر دەستنیشانکردنی کۆمپانیاکە، تاوەکو ئەو کاتەش کە کۆمپانیاکە خەمڵاندن بۆ نرخی تێچووی دەرهێنانی نەوت دەکات، دەبێت حکومەتی عێراق 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک وەک تێچوو بداتە کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان.
سەرچاوەکی ئاگادار رۆژی 26ـی ئەم مانگە بە رووداوی گوت، "کێشەیەکی دیکە هەبوو پەیوەندیدار بوو بە تێچووی گواستنەوەی نەوت لە کێڵگەوە بۆ بۆریی هەناردەکردن کە هەر بەرمیلێک لەنێوان دۆلارێک بۆ سێ دۆلار تێدەچێت، بڕیارە بەغدا ئەو پارەیەش بگرێتە ئەستۆ."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ