رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری بانکی ناوەندی رایگەیاند، عێراق کەمترین رێژەی هەڵاوسانی لە مێژووی خۆیدا تۆمار کردووە. هەروەها یەدەگی دراوی بیانیی پێویستیان هەیە و دەتوانن بەهای دراوەکەیانی پێ بپارێزن.
عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە 28ی ئەیلوولی 2025، لە دووەمین رۆژی کۆڕبەندی وەبەرهێنانی عێراق گوتارێکی پێشکێش کرد و گوتی، "قۆناخی ئێستا لە عێراقدا بە سەقامگیری، چاکسازی و کرانەوە بەڕووی وەبەرهێناندا ناسراوە. بانکی ناوەندی یەکێکە لە پایەکانی بەدیهێنانی ئەم سەقامگیرییە."
پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت، سەقامگیریی نەختینەیی و دارایی بەهۆی چەندین هۆکارەوە هاتووەتە دی، دیارترینیان ئەو سیاسەتە رۆژانانەیە کە بانکی ناوەندیی لە بەرامبەر گۆڕانکاری و ئاڵنگارییەکاندا پەیڕەوی دەکات، هەروەها بەڕێوەبردنی ژیرانەی یەدەگە داراییەکان کە پایەیەکی سەرەکییە بۆ سەقامگیری، لەگەڵ بەڕێوەبردنی کەرتی بانکی بە شێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت بۆ بەهێزکردنی ئەم رێچکەیە.
عەلی عەلاق لە گوتارەکەیدا روونیکردەوە، یەکێک لە دیارترین نیشانەکانی سەرکەوتنی سیاسەتی نەختینەیی و دروستکردنی ژینگەیەکی تەندروست بۆ وەبەرهێنان، کۆنترۆڵکردنی رێژەی هەڵاوسانە. سەقامگیریی گشتیی نرخەکان بنەمایەکی گرنگە بۆ کاری کەرتی تایبەت و وەبەرهێنەران، لە کاتێکدا ژینگەیەکی ناجێگیر لە ڕووی نرخ و هەڵاوسانەوە، گەشەی راستەقینە پەکدەخات.
بە گوتەی پارێزگاری بانکی ناوەندی، "عێراق ئەمڕۆ کەمترین رێژەی هەڵاوسانی لە مێژووی خۆیدا تۆماردەکات." گوتیشی، "یەدەگی دراوی بیانیی پێویست هەیە کە توانای پاراستنی بەهای دراو و بەدیهێنانی هاوسەنگییەکی گەورەی لەنێوان خستنەڕوو و خواست لەسەر دراوی بیانی هەیە."
بەگوێرەی ڕاپۆرتی بانکی ناوەندیی عێراق، لە چارەکی یەکەمی 2025دا تێکڕای هەڵاوسان لە عێراق 21% کەمی کردووە و گەیشتووەتە 2.2%.
ئەو دابەزینە بە بەراورد بووە بە چارەکی چوارەمی 2024، کە ئەو کاتە رێژەی هەڵاوسان 2.8% بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ