رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی عێراق دەستپێکردنی رێکارەکانی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی راگەیاند و بۆ خێراکردنی پرۆسەکەش، بڕیاردراوە رۆژانی هەینی و شەممە بانکەکان دەوام بکەن.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 29-01-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازی دەستیپێکردووە. گوتیشی: "بۆ ئەم مەبەستە رۆژانی هەینی و شەممە بانکەکان کراوەن و دەوام دەکەن، بۆ ئەوەی فەرمانبەران مووچەکانیان وەربگرن."
بەگوێرەی نووسراوێک کە واژۆی غوفران کازم نعمەت، بەڕێوەبەری نووسینگەی وەزیریی دارایی لەسەرە و وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، تەیف سامی، وەزیری دارایی بڕیاریداوە سەرجەم فەرمانبەرانی ئیدارەی گشتیی و لقی بانکەکان رۆژانی هەینی و شەممە (30 و 31ـی مانگ) دەوام بکەن بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی پێدانی مووچە.
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیێندراوێکدا دڵنیایی داوە کە "مووچە بە تەواوی دابینکراوە" و تیمە تایبەتمەندەکان دەستیان بە پارەدارکردنی سەرجەم یەکەکان کردووە.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، دەستیان بە وردبینی بۆ داتاکانی مووچە کردووە، ئەوەش بە ئامانجی جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بۆ هەژمارکردنی پشکی خانەنشینی و رەوانەکردنی بۆ سندوقی خانەنشینی، لەگەڵ لێبڕینی باج.
وەزارەتی دارایی داوای لە سەرجەم فەرمانگە و یەکەکانی خەرجکردن کردووە کە بە زووترین کات و بە وردییەکی زۆرەوە داتاکانیان بنێرن و هۆشداریش دەدات.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "هەر لایەنێک لیستەکان بە ناتەواوی یان بە هەڵە بنێرێت، خۆی بەرپرسیار دەبێت لە دواکەوتنی مووچە و لایەنە چاودێرییەکانی لێ ئاگادار دەکرێتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ