رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رێککەوتنی نەوتیی نێوان هەولێر و بەغدا "سەرکەوتنێکی گەورەی" بەدەستهێناوە و ئێستا رۆژانە تێکڕا 200 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە دەکرێت.
عەلی نزار شەتری، بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایگەیاند: "هیچ کێشەیەک لە ئارادا نییە و هەموو لایەنەکان هاوکارن بۆ سەرخستنی ئەم رێککەوتنە مێژووییە."
بەڕێوەبەری سۆمۆ ئاماژەی بەوە کرد، پرۆسەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت بەردەوامە و گوتی: "ئێستا رۆژانە بە تێکڕا 200 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکرێت. ئومێدمان وایە لە داهاتوویەکی نزیکدا، دوای زیادبوونی ئاستی بەرهەمهێنان، بڕی هەناردەکردنیش زیاتر بکەین بۆ ئەوەی داهاتی زیاتر بۆ وڵات فەراهەم ببێت."
دوای ئەوەی لە کۆتاییەکانی ئاداری 2023ـەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانی تورکیاوە راگیرا، لە 22ـی ئەیلوولی 2025، بەغدا و هەولێر و کۆمپانیاکانى نەوت رێککەوتنێکى سێ قۆڵییان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکە واژۆ کرد.
سەبارەت بە نوێکردنەوەی ئەو رێککەوتنە، عەلی نزار شەتری گوتی: "نوێکردنەوەی رێککەوتنەکە پەیوەست بوو بە توانای سەرکەوتنی پرۆسەکە، کە سوپاس بۆ خودا سەرکەوتن بەدیهاتووە. سەبارەت بە نوێکردنەوەی فەرمیی رێککەوتنەکەش، ئەوە بابەتێکە و بۆ حکومەتی داهاتوو جێهێڵدراوە."
پێشتر د. حەمدی شنگالی، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ، رۆژی 27-12-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو: "رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی سێ مانگی دیکە و تاوەکو 31ـی ئاداری 2026 درێژ کراوەتەوە و هیچ گۆڕانکارییەک لە ناوەڕۆکی رێککەوتنەکەدا نەکراوە."
شنگالی روونیکردەوە کە درێژکردنەوەی رێککەوتنەکە بە شێوەی "سێ مانگ بە سێ مانگ" دەبێت، تاوەکو ئەو کاتەی یاسای نەوت و گاز و یاسای بودجەی نوێ پەسەند دەکرێن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بۆ رووداو، بەڕێوەبەری سۆمۆ باسی لە ستراتیژیی کۆمپانیاکەیان کرد و گوتی: "ئێمە زیاتر جەخت لەسەر هاوسەنگیی بازاڕی نەوت دەکەینەوە، نەک تەنیا نرخەکەی؛ چونکە هاوسەنگی، نرخێکی دادپەروەرانە بۆ کڕیار و بەرهەمهێنەر فەراهەم دەکات."
سەبارەت بە پەیوەندیی هەناردەی نەوت بە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە، عەلی نزار شەتری گوتی: "بابەتی مووچە پەیوەندیی بە کاری حکومەتەوە هەیە، من لێرەدا تەنیا وەکو نوێنەری کۆمپانیای سۆمۆ قسە دەکەم و کارەکانمان لە چوارچێوەی بەبازاڕکردنی نەوتدایە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ