رووداو دیجیتاڵ
دانانی پێناسی گومرکی لەلایەن سەرۆکی ئەمریکا و پاشان هەڵپەساردن و بەخشینی بەشێک لە پێناسەکان، قورسایی و ناڕوونییان لەسەر ئابووریی جیهانی دروستکردووە. ئەوەش بە شێوازی نەرێنی کاریگەری کردووەتە سەر نرخی نەوت.
نرخی نەوتی برێنت، ئەمڕۆ چوارشەممە لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەڕێژەی 1٪ـی دیکە دابەزی و بە 62 دۆلار و 63 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 68 سەنت دابەزی و بەرمیلێکی بە 59 دۆلار و 71 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی برێنت و سووکی تەکساس لە رۆژی دووشەممەوە تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی 5 دۆلار دابەزیون.
دانیەل هاینێس، یەکێک لە شرۆڤەکارانی بانکی ئۆسترالی-نیوزلاندی دەڵێت، نیگەرانی لە کەمبوونەوەی خواست لە گەرمەی شەڕی بازرگانی، هۆکاری سەرەکیی دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوتە لەم هەفتەیەدا.
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی دابەزینی نرخی نەوت بۆ بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە هەستی بەکارهێنان لە ئەمریکا دەگەڕێتەوە.
ئەو داتانەی کە رۆژی سێشەممە بڵاوبوونەوە، ئاماژە بەوە دەدەن هەستی بەکارهێنان لە ئەمریکا لە مانگی چواردا دابەزیوە بۆ کەمترین ئاستی لە ماوەی 5 ساڵی رابردووودا.
لەلایەکی دیکەوە، بەپێی پەیمانگەی نەوتی ئەمریکا، قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە هەفتەی رابردوو 3.8 ملیۆن بەرمیل زیادیکردووە، لە کاتێکدا پێشبینی دەکرا تەنیا بەبڕی 400 هەزار بەرمیل زیادبکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ