نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە 3450 دۆلار نزیکبووەوە

30-08-2025
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

نرخی یەک ئۆنسە زێڕ رۆژی هەینی لە کاتی داخستنی بازاڕەکاندا بە رێژەی 1٪ بەرزبووەوە و بە 3448 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا و بەوپێیەش باشترین مانگی لە دوای مانگی چواری ئەم ساڵەوە بەڕێکرد.
 
نرخی زێڕ بەتەنیا لەم مانگەدا بە رێژەی 4.7٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
 
رۆژی هەینی نرخی زێڕ بۆ رادەستکردنی لە مانگی دوازدەی ئەم ساڵ بە رێژەی 1.2٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و بە 3516 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
بەهای دۆلار لەم مانگەدا بە رێژەی 2.2٪ دابەزیوە و ئەوەش یەکێکە لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی زێڕ لەم مانگەدا.
 
دابەزینی بەهای دۆلاری ئەمریکی دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی خواست بۆ کڕینی زێڕ لەو وڵاتانەی بە دراوی نیشتمانی خۆیان مامەڵە بە زێڕەوە دەکەن، زیاد بکات.
 
دەیڤید میگەر، سەرۆکی بەشی کانزاکان سەر بە کۆمپانیای (های ریج فیوچەرز) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "چاوەڕوان دەکرێت بانکی ناوەندی ئەمریکا لەم ساڵدا لانیکەم دوو جار سوودی بانکی دابەزێنێت و ئەوەش هۆکاری پشت بەرزبوونەوەی نرخی زێڕە."
 
لەلایەکی دیکەوە ناکۆکیی نێوان ترەمپ لەگەڵ بانکی ناوەندیی ئەمریکا پرسیاری لەسەر سەربەخۆیی بانکەکە دروستکردووە کە بووەتە هۆکار بۆ پاڵپشتی زیاتری نرخی زێڕ.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەنیازە، لیزا کۆک لە پۆستەکەی وەک پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەکار لابدات، بەڵام کۆک رەتیکردووەتەوە دەست لە پۆستەکەی هەڵگرێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە