بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ ریکۆردی نوێی تۆمارکرد

30-09-2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە نرخی ئۆنسەیەک زێڕ توانی ئاستی 3865 دۆلار بشکێنێت و بەوپێیەش باشترین مانگی لە ماوەی 14 ساڵی رابردوودا تۆمارکرد.
 
ئێستا نرخی زێڕ بەرزترینە بەراورد بە تەواوی مێژووی مامەڵەکردن بە زێڕ.
 
چاوەڕوانییەکان بۆ کەمکردنەوەی زیاتری سوودی بانکی لە ئەمریکا و ئەگەری داخرانی حکومەتی ئەمریکا بە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە ئەمرۆ سێشەممە دەستنیشانکراون.
 
داخرانی حکومەتی ئەمریکا لێرەدا مەبەست لەوەیە کە هیچ یاسایەکی بەرکار نامێنێت بۆ ئیدارەکەی ترەمپ تاوەکو پارە لە بودجەی فیدراڵی خەرج بکات و دەبێ کۆنگرێس یاسا و رێنمایی نوێ دەربکات.
 
رۆژی سێشەممە نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەڕێژەی 0.5 بەرزبووەوە و 3866 دۆلاریشی دەربازکرد.
 
لە گرێبەستەکانی داهاتوودا نرخی زێڕ 3877 دۆلاریشی تۆمارکردووە.
 
تیم واتێرێر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (کەی سی ئێم ترەید) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "ئەگەری داخران یان شەتداونی حکومەتی ئەمریکا باڵی کشاندووە بەسەر بازاڕەکاندا و خواستی بۆ کڕینی زێر بەرزکردووەتەوە."
 
ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە، "تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ، ئاستی 4000 بە ئەگەری زۆرەوە بۆ نرخی زێڕ بەدەست دێت و کەمکردنەوەی سوودی بانکی دەتوانێت بە بەردەوامی پاڵپشتی بۆ نرخی کانزای زەرد دروستبکات."
 
ناکۆکی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و دیموکراتەکان، ئەگەری داخرانی حکومەتی ئەمریکای تاوەکو رۆژی چوارشەممە زیادکردووە.
 
هیچ پێشکەوتنێکیش بۆ پارەدارکردنی حکومەتی ئەمریکا لە دانوستاندنی نێوان کۆماری و دیموکراتەکان بەدەست نەهاتووە.
 
داخرانی حکومەتی ئەمریکا دەتوانێت خزمەتگوزارییە گشتییەکان پەکبخات و پشێوی لە نێو بازاڕەکان دروستبکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە