شاندێکی پارتی پرسی 120 ملیار دیناری داهاتی نێوخۆ لەگەڵ سوودانی باس دەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پرسی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە رادەستکردنی 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتییەوە بەستراوەتەوە. بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، وەزیری دارایی عێراق داوای کردووە پرسی کەمکردنەوەی ئەو بڕە لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە بڕیاری لێبدرێ بۆ ئەوەی ئەویش پارەی مووچە بنێرێ. 
 
پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، شاندی حیزبەکەی کە لە بەغدایە، لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە.
 
هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی چوارشەممە، یەکی نیسانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رێککەوتنێک لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە و یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانیش رادەستکردنی داهاتی نانەوتییە. دەبێت هەرێمی کوردستان مانگانە 120 ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتی رەوانەی بەغدا بکات، تاوەکو مووچەی فەرمانبەران خەرج بکرێ."
 
موسەننا ئەمین، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانیش لە پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەگوێرەی دەستوور و یاسا، دەبێت هەرێمی کوردستان نیوەی داهاتی نانەوتی رادەست بکات کە پێشتر بە 120 ملیار دینار خەمڵێندرابوو، بەڵام بەهۆی دۆخی ئەمنی و کەمبوونەوەی جووڵەی بازرگانی، داهاتی نانەوتی کەمبووەتەوە و ئێستا هەولێر و بەغدا پێویستیان بە رێککەوتنێکی نوێیە بۆ دیاریکردنی بڕێکی دیکە."
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق باسی لەوە کردووە، ئەو پابەندە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کە 120 ملیار دیناری وەک داهاتی نانەوتی دیاری کردووە و هەر گۆڕانکارییەک لەو بڕەدا پێویستی بە هەموارکردنەوەی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە، ئەگەرنا ناتوانێت پارەی مووچە خەرج بکات.
 
موسەننا ئەمین ئاماژەی بەوەش کرد: "پێویستە پرسی کەمکردنەوەی ئەو بڕە پارەیە ببرێتە نێو کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدرێ"، بەڵام گەشبینیی خۆی نیشان دا کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.
 
هاوکات لەگەڵ ئەم ئاڵۆزییانە، جووڵەیەکی سیاسی دەستی پێکردووە و شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی ئەو حیزبە لە بەغدایە.
 
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق رایگەیاندووە ئاگادارە بەهۆی ئەو شەڕەی لە ناوچەکەدا هەیە، داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان و عێراقیش کەمبووەتەوە، بەڵام ئەوە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە و دەبێت لەسەرووی خۆیەوە سەرۆکوەیرانی عێراق یان ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری بۆ بنێرێ تاوەکو بەدەر لەو 120 ملیارە، مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات".
 
پەرلەمانتارەکەی پارتی گوتی: "شاندەکەی پارتی بۆ بەغدا پرسی مووچە و چارەسەرکردنی بابەتی 120 ملیار دینارەکە و کەمبوونەوەی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکات کە هاوشێوەی عێراق لە ئەنجامی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران داهاتی نانەوتی بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبووتەوە. بۆیە ئەمڕۆ شاندەکەی پارتی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە و ئەو پرسە تاوتوێ دەکەن".
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، شاندەکەی پارتی جگە لە پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، چەند پرسێکی دیکەی وەک هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، هەناردەکردنەوەی نەوت و هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی حکومی و لایەنە سیاسییەکانی عێراق تاوتوێ دەکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تێپەڕبوونی کەشتییەک بە تەنگەی هورمزدا

لە مانگی ئازاردا 2800 کەشتی کەمتر بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕیون

رۆژ بە رۆژ قەیرانی تێپەڕبوونی کەشتییەکان بە تەنگەی هورمز روو لە زیادبوونە و نرخی نەوت، بەرهەمە نەوتییەکان و کاڵاکان بەهۆی تێپەڕنەبوونی کەشتییەکانەوە روو لە هەڵکشانە