بەهۆی جەنگی ئێرانەوە پێشبینیی گەشەی ئابووریی ئەڵمانیا بۆ زیاتر لە نیوە دادەبەزێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پەیمانگە سەرەکییەکانی لێکۆڵینەوە لە ئەڵمانیا دەڵێن، بەهۆی جەنگی ئێستای رۆژهەڵاتی نێوەڕاستـەوە، ئابووریی وڵاتەکەیان بە کەمتر لە نیوەی ئەو رێژەیە گەشە دەکات کە تەنیا چەند مانگێک لەمەوبەر پێشبینی دەکرا.
 
دابەزینی بەرچاوی گەشەی ئابووری
 
بەگوێرەی پێشبینییە نوێیەکەی ئەم پەیمانگەیانە کە رۆژی چوارشەممە (01-04-2026) بڵاوکراوەتەوە، کۆی بەرهەمی ناوخۆیی ئەڵمانیا ئەم ساڵ تەنیا 0.6٪ زیاد دەکات، ئەمەش لە کاتێکدایە لە مانگی ئەیلوولی رابردوودا پێشبینیی گەشەی 1.3% دەکرا.
 
هۆکاری ئەم دابەزینە خێرایە بۆ بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان دەگەڕێتەوە کە وای کردووە خەڵک کەمتر کاڵا و خزمەتگوزاری بکڕن. هەروەها بۆ ساڵی 2027 پێشبینی دەکەن گەشەکە بگاتە 0.9%.
 
تیمۆ ڤۆڵمێرسهاوزەر، بەرپرسی پێشبینییەکان لە پەیمانگەی ئایفۆ دەڵێ، "ئەو شۆکەی بەهۆی جەنگی ئێرانەوە لە نرخی وزەدا دروست بووە، گورزێکی قورس لە بووژانەوەی ئابووری دەوەشێنێت." ڤۆڵمێرسهاوزەر ئاماژەی بەوەش کرد کە تەنیا سیاسەتە داراییەکانی حکومەت بوونەتە هۆی ئەوەی ئابووریی وڵاتەکە زیاتر دانەڕمێت.
 
داخستنی تەنگەی هورمز بازاڕەکانی نەوت و گازی جیهانی هەژاندووە و زنجیرەی دابینکردنی پەکخستووە. لە ئەنجامی ئەمەشدا، رێژەی هەڵاوسان لە ئەڵمانیا لە مانگی ئاداردا بۆ بەرزترین ئاست لە ماوەی ساڵێکدا هەڵکشا.
 
رێکارەکانی حکومەت و باجی نوێ
 
حکومەتەکەی فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا، کە پێشتر پشتی بە وەبەرهێنان لە ژێرخان و کەرتی بەرگری دەبەست بۆ بووژاندنەوەی ئابووری، ئێستا ناچارە رێکاری نوێ بگرێتە بەر بۆ هاوکاریی ئەو هاووڵاتییانەی کە بەدەست گرانیی پسووڵەی گەرمکەرەوە و سووتەمەنییەوە دەناڵێنن.
 
بۆ پاراستنی بودجەی وڵاتیش، لارس کلینگبایڵ، وەزیری دارایی ئەڵمانیا، پێشنیازی کردووە باجێکی تایبەت لەسەر ئەو قازانجە زۆرە دابنرێ کە کۆمپانیاکانی وزە لەم تەنگژەیەدا دەستیان دەکەوێت
 
ئەو پەیمانگەیانە هۆشداری دەدەن کە ئەگەر دۆخەکە خراپتر بێت، رەنگە گەشەی ئابووری تەنیا بگاتە 0.5%. هەروەها پێشبینی دەکەن بەهۆی گۆڕانی دیمۆگرافی و پیربوونی دانیشتووانەوە، گەشەی بەرهەمهێنان لە ئەڵمانیا تاوەکو کۆتایی ئەم دەیەیە بە تەواوی بوەستێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کێڵگەیەکی نەوت لە باشووری عێراق. وێنە: AFP

نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت 104 دۆلارە

نرخی نەوتی برێنت بۆ رادەستکردنی لە مانگی شەشدا ئەمڕۆ چوارشەممە 66 سەنت بەرزبووەوە و بەرمیلێکی بە 104 دۆلار و 63 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.