رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی سێشەممە لە بەغدا لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیاکانی نەوت کۆدەبنەوە. هاوکات، کۆبوونەوەیەکی دیکەی گرنگ لەسەر دۆسیەی گومرگ و دەروازە سنوورییەکان بەڕێوەدەچێت.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە 31-08-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "رۆژی سێشەممە 02ی ئەیلوول، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆمپانیاکانی نەوت و وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەغدا کۆدەبنەوە بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکانیان سەبارەت بە رێککەوتنی نێوانیان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت."
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، کۆمپانیا نەوتییەکان جەخت لە پابەندبوونیان بەو گرێبەستانە دەکەنەوە کە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆیان کردووە، بەتایبەتی دوای ئەوەی دادگەی تەمیزی عێراق دروستیی ئەو گرێبەستانەی پشتڕاستکردووەتەوە. ئێستا ئەم کۆمپانیایانە تێبینیان لەسەر بڕی 16 دۆلارەکە هەیە کە لە هەموارەکانی یاسای بودجەدا بۆیان دیاریکراوە و داوای رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ حکومەتی عێراق دەکەن.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق باسی لەوە کردووە، ئەوان (کۆمپانیاکان) رێککەوتنیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە و هیچ پەیوەندییەکیان بە رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوتەوە نییەو رێککەوتنێکی نوێیان لەگەڵدا ناکات."
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کۆمپانیا نەوتییەکانی راگەیاندووە کە گەرەنتی بۆ ئەو کۆمپانیایانە بەرامبەر بەوەی شایستە داراییەکانیان پێبدرێت، یاسای بودجەی گشتی عێراقە، کە تێیدا ئەو پابەندبوونە داراییە دیاریکراوە.
بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تایبەت بە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، پێویستە هەرێمی کوردستان 230 هەزار بەرمیل نەوت بۆ هەناردەکردن رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بکات، 50 هەزار بەرمیلی دیکەش بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان تەرخان بکرێت.
سەرچاوەیەکی ئاگادار، رۆژی 26ی ئەم مانگە بە رووداوی گوت: "کێشەیەکی دیکە هەبوو پەیوەندیدار بوو بە تێچووی گواستنەوەی نەوت لە کێڵگەوە بۆ بۆریی هەناردەکردن، کە هەر بەرمیلێک لەنێوان دۆلارێک بۆ سێ دۆلار تێدەچێت، بڕیارە بەغدا ئەو پارەیەش بگرێتە ئەستۆ."
دۆسیەی گومرگ و دەروازە سنوورییەکان
جگە لە دۆسیەی نەوت، بڕیارە کۆبوونەوەیەکی دیکەش لەنێوان هەولێر و بەغدا بەڕێوەبچێت. سروە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی ڕاگەیاند: "رۆژی سێشەممە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەبارەی گومرگ و دەروازە سنوورییەکان گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی بەغدا دەکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ