رووداو دیجیتاڵ
دابەزینی نرخی نەوت زیانێکی گەورەی لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری نەوت لە ئەمریکا داوە. دوو کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل و شێڤرۆن کە بە دوو کۆمپانیای گەورەی جیهان لە بواری هەڵکۆڵین و بەرهەمهێنانی نەوت هەژماردەکرێن بەهای پشکەکانیان لە نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بە رێژەیەکی بەرچاوە دابەزیوە.
بەپێی دوایین راپۆرتی دارایی کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل بەتەنیا لەمساڵدا بە رێژەی 50٪ بەهای پشکەکانی دابەزیوە. هەروەها کۆمپانیای شێڤرۆنیش بەهای پشکەکانی بە رێژەی 40٪ دابەزیوە.
بەپێی راپۆرتی دارایی کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل، کۆمپانیاکە لە چارەکی چوارەمی ئەمساڵدا 680 ملیۆن دۆلار زیانی کردووە. هەروەها کۆمپانیای شێڤرۆنیش لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا 201 ملیۆن دۆلار قازانجی کردووە کە بەراورد بە ساڵی رابردوو دابەزینی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە.
نرخی نەوت لە دوایین رۆژی مامەڵەکانی ناو بازاڕەکاندا دابەزیوە بۆ خوار 40 دۆلار و بەوپێیەش کەمترین ئاستی خۆی لە دوای مانگی نیسان تۆمارکردووە.
بەپێی داتاکانی بلوومبێرگ، ئەمڕۆ شەممە نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە 37 دۆلار و 46 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت و بەرمیلێک نەوتی خاوی رۆژئاوای تەکساسیش بە 35 دۆلار و 79 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت.
بەهۆی دابەزینی بەهای پشکەکانی، ئێکسۆن مۆبیل پلانی خەرجییەکانی بۆ ساڵی داهاتوو کەمکردووەتەوە، لە ئەمساڵیشدا بۆ سێیەمین چارەکی لەسەریەکە بەهای پشکەکانی دادەبەزێت و ئەمساڵ 680 ملیۆن دۆلار زیانی کردووە.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئێکسۆن مۆبیل پلانی هەبوو بۆ دۆزینەوەی نەوت لە کەناراوەکانی گویانا و بڕیاریدابوو 33 ملیار دۆلار لە وەبەرهێناندا خەرجبکات، بەڵام تاوەکو ئێستا 16.6 ملیاری خەرجکردووە.
ئەو کۆمپانیایە لە هەفتەی رابردوو رایگەیاند، بەهۆی کاریگەریی ڤایرۆسی کۆرۆناوە 15٪ـی هێزی کاری کەمدەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ