رووداو دیجیتاڵ
لە شەوێکی ساردی شاری لایپزیگ لە ئەڵمانیا، خەریک بوو کارەساتێکی گەورە و خوێناوی رووبدات، بەڵام ئامادەیی هاونیشتمانییەک ئاراستەی رووداوەکانی گۆڕی و رێگریی لێکرد.
سەرەتای ئەم ساڵ بوو، لەپێش هۆڵێکی ئاهەنگگێڕانی شارەکەدا، گەنجێکی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان بەناوی ئیدریس حەجی ئیسماعیل وەک پاسەوان کاری دەکرد. ئەو شەوە ئیدریس لەپڕ کەوتە نێو چرکەساتێکی چارەنووسساز، هاووڵاتییەکی تووڕەی عەرەبی سووریا بە کڵاشینکۆڤێکەوە هەوڵی دا بەزۆر بچێتە نێو ئاهەنگەکە، بەڵام ئیدریس بووە قەڵخان و ژیانی دەیان کەسی بێتاوانی لە مەرگێکی مسۆگەر رزگارکرد.
هەرچەندە ئەو رووداوە چەند مانگێک پێش ئێستا روویداوە، بەڵام ئێستا پۆلیسی ناوچەکە ئاشکرای کردووە و لە میدیاکانی ئەڵمانیادا دەنگی داوەتەوە؛ بەمەش ئیدریسی کردووەتە پاڵەوانی نێو رای گشتی و میدیاکانی ئەو وڵاتە.
ئیدریس، کە کەمتر لە 10 ساڵە لە ئەڵمانیا دەژی و بژێویی ژیانی لە رێگەی کارکردن لە بواری تەکنیکی ئۆتۆمبێل و پاسەوانیی ئێوارانەوە دابین دەکات، وردەکاریی چیرۆکەکە لە بەرنامەی (دیاسپۆرا)ی ئەمجارەدا دەگێڕێتەوە.
ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت کەسەکە، کە پێشتر بەهۆی پڕبوونی هۆڵەکەوە رێگەی پێنەدراوە بچێتە ژوورەوە، کۆڵینەداوە و چەندینجار هەوڵی داوە بچێتە ژوورەوە. ئیدریس سەبارەت بەو کاتە دەڵێت، "جارێک، دوو جار، سێ جار هات... ئیدی کڵاشینکۆفەکەی دەرهێنا". کاتێک چەکدارەکە لوولەی چەکەکەی ئاراستەی ئیدریس و هاوکارەکانی دەکات و هەڕەشە دەکات، ترس باڵ بەسەر هاوڕێکانی ئیدریسدا دەکێشێت و کەس ناتوانێ هیچ بکات. بەڵام کاردانەوەی ئەو گەنجە کوردە بەتەواوی جیاواز دەبێت و دەڵێ: "هەڕەشەی کرد... بەڵام بەڕاستی من نەترسام."
لەبری راکردن یان خۆشاردنەوە، ئیدریس بڕیارێکی خێرا و بوێرانە دەدات. ئەو هاونیشتمانییە بەبێ چەک پەلاماری چەکدارەکە دەدات و رێگە نادات فیشەکدان بخاتە سەر کڵاشینکۆفەکەی و گوتی، "هێرشم کردە سەری... چەکەکەم لێ وەرگرت... خستمە سەر زەوی و کەلەپچەم کرد."
دوای ئەوە، ئیدریس چاوەڕوان دەکات تاوەکو هێزەکانی پۆلیس دەگەنە شوێنی رووداوەکە. پۆلیسیش جگە لە سوپاسکردنی ئیدریس بۆ ئەو کارە قارەمانانەیەی، ئاشکرای دەکات چەکدارەکە پێشینەی تاوانکاریی مەترسیداری هەبووە و لەکاتی پشکنینی ماڵەکەیشیدا چەکێکی دیکە دۆزراوەتەوە. ئەوەش دەریدەخات ئەگەر ئیدریس نەبووایە، ئەگەری کوشتارێکی گەورە هەبوو.
سەرچاوەی ئەو بوێرییەی ئیدریس تەنیا رێکەوت نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە پیشەکەی دیکەیشیەوە هەیە. ئەو هاونیشتمانییە یاریزانێکی پیشەگەری هونەرە جەنگییە تێکەڵەکانە و وەک خۆی دەڵێت، "شەڕڤانێکی پیشەییم". مەشقە چڕەکانی و باوەڕبەخۆبوونی لە هونەرەکانی بەرگریدا وایانکردووە لەکاتی مەترسیدا کۆنترۆڵی خۆی لەدەستنەدات.
ئێستا ئەو پاڵەوانە سەرقاڵترین رۆژەکانی ژیانی تێدەپەڕێنێ و خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەیەکی گەورەی وەرزشی ئامادە دەکات. سەرەتای مانگی داهاتوو، ئیدریس لە شاری لایپزیگ دەچێتە سەر سەکۆ بۆ ئەنجامدانی یارییەکی چارەنووسساز و گوتی: "حەوتی مانگی 11 لە لایپزیگ رووبەڕووبوونەوەی سەرەکیی ئەم ناوچەیە لەگەڵ منە و من یارییەکە دەکەم ... یارییەکی زۆر گرنگە". بۆ ئەو هاونیشتمانییە، ئەمە تەنیا یارییەک نییە، بەڵکو دەرفەتێکە بۆ پیشاندانی ناسنامەکەی و سەلماندنی تواناکانی.
ئیدریس بەهیوایە سەرکەوێ و دەڵێ، "پشتیوان بە خودا سەری خۆم و هەموو کورد بڵند دەکەم... ئاڵای کوردستان بەرز دەکەمەوە."
هاونیشتمانییەکە داوای پشتگیریش لە دیاسپۆرای کوردستانی دەکات و دەڵێت، "هیوادارم کوردی خۆمان هەموویان پشتگیریم بکەن."



.jpg&w=3840&q=75)
