رووداو دیجیتاڵ
لەنێو هۆڵی چالاکییەکانی زانکۆی دۆرتمۆندی ئەڵمانیا، دەنگی میوزیکی کوردی و چەپڵەی میوانان تێکەڵ بە رەنگاوڕەنگیی جلوبەرگی کوردی بوو. ئەویش کاتێک گرووپی خوێندکارانی کوردستانی لە شەوی نێونەتەوەیی زانکۆکەدا، بە ناوی کوردستانەوە کولتوور و هونەری خۆیان پیشاندا.
دیمەن و کەشی ئەو ئێوارە گەنجانەیە، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی (دیاسپۆرا)ی تۆڕی میدیایی رووداودا رووماڵ کرا، کە تێیدا فیچەرێک لەسەر چالاکییەکان و کۆبوونەوەی خوێندکارانی کوردستانی ئامادەکرابوو. لەو چالاکییەدا کە نوێنەرانی چەندین وڵاتی جیاواز ئامادەبوون، هاونیشتمانییان بە خواردنی کوردی، جلوبەرگی نەتەوەیی و هەڵپەڕکێ سەرنجی ئامادەبووانیان راکێشا و پێشکێشکاری فێستیڤاڵەکەش بەسەرسامییەوە سوپاسی نمایشە سەرنجڕاکێشەکەی کردن.
سەیفەدین محەممەد، خوێندکاری خەڵکی (تربەسپی) لە رۆژئاوای کوردستان، باسی دامەزراندنی گرووپەکەیان دەکات کە لە ساڵی 2025ەوە پێکهێندراوە. بەگوتەی ئەو هاونیشتمانییە، کارەکانیان تەنیا بۆنەی کولتووری نییە، بەڵکو کۆمەڵەی خوێندنەوەی پەرتووکی کوردی، شەوانی هۆنراوە، نمایشی فیلمی کوردی و هاوکاریکردنی یەکدی لە وانەکانی زانکۆدا دەگرێتەوە.
سەیفەدین دەڵێت: "لە سەرەتادا کورد لە زانکۆکەمان زۆر کەم بوون، بەڵام ساڵ بە ساڵ زۆرتر دەبین و هەر خوێندکارێکی نوێ دێتە لامان، هاوکاری دەکەین. لێرە وەک کوردستانێکی بچووکمان لەنێو زانکۆکەماندا دروستکردووە."
لەنێو خوێندکارە بەشداربووەکاندا هەستی یەکگرتوویی بەرچاوبوو. رۆژدا، خوێندکاری کورد لە زانکۆی دۆرتمۆند دەڵێت: "زۆر دڵخۆش و سەربڵندین کە ئەمڕۆ توانیمان کولتووری خۆمان لەبەردەم هەموو نەتەوەکانی جیهاندا پیشانبدەین. کولتووری کوردی کولتوورێکی زۆر پیرۆزە، پڕە لە هونەر و مێژوو."
هاوکات رۆسێل، کە یەکێکی دیکەیە لە خوێندکارە رێکخەرەکان، جەخت لە پەیامی یەکڕیزیی چالاکییەکە دەکاتەوە و دەڵێت: "ئێمە وەک کورد و کوردستانی هاتووین. بە جیا لە چوار پارچەی کوردستانەوە نەهاتووین، بەڵکو هەموومان خوشک و براین و لە یەک وڵاتین."
لەبەشێکی دیکەی ئێوارەکەدا، رەزا، خوێندکاری خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان، باسی ئامانجی بەشدارییەکەیان دەکات لە فێستیڤاڵی کولتووریی نێونەتەوەییدا و دەڵێت: "زۆر خۆشحاڵم کە کورد وەک نەتەوەیەک لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کولتوورێکی زۆر دەوڵەمەندی هەیە و توانیمان ئەمشەو ئەو کولتوورە دەوڵەمەندە پیشانی نەتەوەکانی دیکە بدەین."



