رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا بەشێکی گەورەی ئەورووپا، لە ئەڵمانیا و سویسراوە تاوەکو وڵاتانی سکەندەنەیڤیا، کەوتوونەتە بەر شەپۆلی سەرما و بەستەڵەک و هۆشداری دەدرێتە شۆفێران، لە سنوورە ئاوییەکانی باشووری ئەورووپا هاتنی بەلێشاوی کۆچبەران بەردەوامە. تەنیا لە یەک رۆژی ئەم هەفتەیەدا زیاتر لە 2 هەزار کۆچبەر خۆیان گەیاندووەتە ئیسپانیا، لە ئیتاڵیاش 51 کۆچبەر لە لیبیاوە گەیشتنە دوورگەی (لامپەدووسا)، کە 40 کەسیان کوردن.
دۆخی ئەو کۆچبەرە کوردستانییانە و رووداوە سەختەکانی رێگەکەیان، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی (دیاسپۆرا)ی تۆڕی میدیایی رووداودا رووماڵکرا و تێیدا شوان سدیق، وەرگێڕی کۆچبەران و رۆژنامەڤان لە ئیتاڵیا بەشداریکرد. ئەو هاونیشتمانییە کە راستەوخۆ کۆچبەرە گەیشتووەکانی بینیوە و وەرگێڕانی بۆ کردوون، وردەکاریی گەشتەکەیان لە باکووری ئەفریقاوە دەگێڕێتەوە.
بۆچی لە زستاندا روو لە لامپەدووسا دەکەن؟
شوان سدیق روونی دەکاتەوە کە پێچەوانەی زۆربەی وڵاتانی دیکەی ئەورووپا، ئێستا لە دوورگەی لامپەدووسا، کە دەکەوێتە سنووری ئاویی باکووری ئەفریقا، پلەی گەرما دەگاتە 20 پلە و ئەوەش دەرفەتێک بووە بۆ کۆچبەران و قاچاخچییەکان تاوەکو بە کەشتی و بەشێوەیەکی نایاسایی لە لیبیاوە بەرەو ئیتاڵیا یان ماڵتا بپەڕنەوە.
100 رۆژ چاوەڕوانی و بارمتەگرتنی کۆچبەرانی کورد
بەگوتەی ئەو وەرگێڕە، رێگەکە زۆر سەخت بووە و کۆچبەرانی کورد زیاتر لە 3 مانگ، واتە 100 رۆژ، لە دۆخێکی زۆر خراپدا لە لیبیا ماونەتەوە. ئەو هاونیشتمانییە ئاماژە بەوە دەکات کە قاچاخچییەکان چاویان لە پارەی زۆرترە و گوتی: "کۆچبەرانی کورد بەراورد بە کۆچبەرانی وڵاتانی ئەفریقا زووتر دەگەنە ئیتاڵیا، چونکە قاچاخچییەکان دەرفەتەکە دەقۆزنەوە و کێ پارەی زۆرتر بدات زووتر دەینێرن."
بەڵام نرخەکە تەنیا پارەی رێگە نییە و شوان دەڵێ: "بەشێکی زۆری کۆچبەرانی کورد لەلایەن باندە قاچاخچییەکانەوە بە بارمتە دەگیرێن و پێش ناردنیان بۆ ئیتاڵیا، پارەیەکی زۆر زۆرتر لەوەی پێشتر لەسەری رێککەوتوون لێیان دەستێندرێت."
دابڕان لە ماڵبات و تەمەنی گەنجانە
گرووپە 40 کەسییە کوردستانییەکە زۆربەیان گەنجانی نێرن و تەمەنیان لەنێوان 17 بۆ 28 ساڵدایە، کە هەندێکیان هێشتا 18 ساڵن و ناتوانن بەرگەی ئەو هەموو گوشارە بگرن. شوان سدیق دەڵێ، قاچاخچییەکان مۆبایل و هەموو کەلوپەلەکانیان لێ دەستێنن، بەوهۆیەوە بەشێکی زۆریان پەیوەندییان لەگەڵ ماڵبات و کەسوکاریان نامێنێ؛ هەروەها دەگێڕێتەوە کە هاوڕێیان لەیەکدی دابڕاون، وەک سێ هاوڕێ کە لە دەڤەری راپەڕینەوە یان دوو هاوڕێ لە دەڤەری هەولێرەوە پێکەوە هاتوون، بەڵام لە رێگەدا لەیەکدی جیاکراونەتەوە.
تراژیدیای سووتان بە بەنزین
یەکێک لە رووداوە هەرە شۆکهێنەرەکان کە شوان سدیق بە چاوی خۆی بینیویەتی، دۆخی گەنجێکی تەمەن 19 ساڵانی کورد بووە و دەڵێ: "بەنزین رژابوو بە بەشێکی جەستەیدا و لە رێگەدا سووتابوو. ئەوە بۆ من شۆک بوو، چونکە توانای رێکردنیشی کەم ببووەوە و لێرە مانگی سوور و پزیشکان چارەسەریان کرد."
لە رووداوێکی دیکەی هەژێنەریشدا لەنێو هەمان شەپۆلی کۆچبەراندا، باوکێکی ئەفریقی تەنیا لەگەڵ منداڵێکیدا گەیشتبوو، چونکە باندەکان هاوژینەکەیان لێ جیاکردبووەوە بە بیانووی ئەوەی تەنیا پارەی دوو کەسی داوە نەوەک سێ کەس.
ئەو وەرگێڕ و رۆژنامەڤانە کوردستانی و ئیتاڵییە هۆشداری دەدات کە ئەو رێگەیە پڕە لە مەترسیی بێسەروشوێنبوون، دەستدرێژی و مامەڵەی تووند. بۆیە داوادەکات گەنجان نەکەونە داوی بەڵێنی درۆینی قاچاخچییەکانەوە.



