رووداو دیجیتاڵ
بۆ زۆر لەو هاونیشتمانییانەی لە باشووری کوردستانەوە چوونەتە ئەڵمانیا، سەردەمێک هەبوو گوتنی تەنیا رستەیەک لەبارەی ناسنامەی ئایینی یان نائارامیی عێراق و کوردستانەوە دەرگەی وەرگرتنی مافی مانەوەی بۆ دەکردنەوە. ئەمڕۆ ئەو سەردەمە کۆتاییهاتووە، بەڵام سەرەڕای تووندکردنی رێکارەکان، هێشتا بەپێی ئامارە فەرمییەکان لە ساڵی 2026، زیاتر لە 500 کەس لە عێراق و باشووری کوردستانەوە مافی مانەوەیان لە ئەڵمانیا وەرگرتووە.
وەڵامی یاسایی بۆ چۆنیەتیی گەشتکردن بە پاسپۆرتی شین بۆ کوردستان و مەرجەکانی وەرگرتنی مافی مانەوە، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی (دیاسپۆرا)ی تۆڕی میدیایی رووداودا باسکرا و تێیدا ئەمین موراد قاسم، پارێزەری ناسراو لە ئەڵمانیا بەشداریکرد. ئەو پارێزەرە زانیاریی نەبیستراوی لەبارەی سیاسەتی نوێی کۆچبەریی ئەڵمانیا و هەڵە باوەکانی پەناخوازان ئاشکراکرد.
کێشەکەت کەسی بێ نەوەک گشتی
ئەمین موراد قاسم رایدەگەیەنێت کە وەرگرتنی مافی مانەوە و پەنابەری هێشتا بۆ هەڵگرانی پاسپۆرتی عێراقی هەیە، بەڵام زۆر زەحمەت بووە. بەگوتەی ئەو پارێزەرە، فەرمانگەی فیدراڵیی کۆچ و پەنابەران، سەرنج دەخاتە سەر دوو پرسیاری سەرەکی و دەڵێ: "ئەوان لێت دەپرسن: بۆچی لە وڵاتی خۆت هاتوویت و بۆچی ناتوانیت بگەڕێیتەوە؟" ئەو پارێزەرە جەخت دەکاتەوە کە چیرۆکی گشتی وەک هەبوونی داعش، خراپیی دۆخی عێراق یان تەنیا ئەوەی کەسێک ئێزدی یان کریستیانە چیدیکە قبوڵ ناکرێن و رایگەیاند: "ئەو شتانە هەموویان چوون. پێویستە کێشەیەکی کەسیی بڕواپێکراوت هەبێت تاوەکو دادوەران باوەڕبکەن گەڕانەوەت مەترسییە بۆ سەرت." لەبارەی کێشە کۆمەڵایەتییەکانیشەوە دەڵێت، فەرمانگەکە دەیان پرسیاری ورد و پیشەییانە دەکات بۆئەوەی راستیی چیرۆکەکە ئاشکرابکات، لەکاتێکدا پاراستنی مرۆیی زیاتر بۆ ژنان، بەتەمەنەکان و نەخۆشەکان ئاسانترە.
تەڵەی گەشتکردن بە پاسپۆرتی شین
سەبارەت بە هەڵگرانی پاسپۆرتی شینی پەنابەری Flüchtlingseigenschaft، پارێزەرەکە هۆشداریی تووند دەداتە ئەوانەی بەدزییەوە لەڕێگەی فڕۆکەخانەکانی ئەمستەردام و پاریسەوە دەچنەوە کوردستان. ئەو پارێزەرەوە روونی دەکاتەوە کە پاسپۆرتی شین رێگەت دەدات بچیتە هەموو جیهان جگە لە عێراق و رایگەیاند: "لە رابردوودا دەوڵەت نەیدەزانی، بەڵام ئێستا زۆرکەس دەچنە ئەمستەردام و پۆلیسی هۆڵەندا راپۆرت بۆ پۆلیسی ئەڵمانیا دەنێرێ."
بەگوتەی ئەو پارێزەرەوە، 'هەندێک کەس دوای ساڵێک دەڵێن هیچمان لێنەکرا، بەڵام مەترسییەکە لەناکاو دەگەڕێتەوە. فەرمانگەی پەنابەران گەورەیە و کاری زۆرە، رەنگە دوای 3 یان 4 ساڵ نامەیەکت بۆ بێت و بڵێت 4 ساڵ لەمەوپێش گەشتت کردووە و مافی پەنابەرییەکەت لێدەستێندرێتەوە."
ئەو پارێزەرە باسی دوو برا دەکات کە بە یەک فڕۆکە و تیکت گەشتیان کردووە، یەکێکیان لێپێچینەوەی لەگەڵ کراوە و ئەوی دیکەیان هێشتا چاوەڕوانە.
رێگەی یاسایی بۆ ناچاری و گەڕانەوە
لە کاتی ناچاریی وەک نەخۆشی و کۆچی دوایی دایکوباوکدا، ئەمین موراد قاسم داوادەکات پەناخوازان بەهیچ شێوەیەک بەدزییەوە نەڕۆنەوە. لەجیاتی ئەوە، پێویستە بە نووسین و ئیمەیڵ داوا لە فەرمانگەی بیانییەکان Ausländerbehörde یان فەرمانگەی پەنابەران بکەن، نەوەک بە تەلەفۆن، کە هیچ بەڵگەیەکی تێدا نامێنێتەوە، کە ژمارەی دۆسێی فەرمانگەکە لەنێو پاسپۆرتە شینەکەدا نووسراوە و کۆتاییەکەی 438ە و دەڵێ: "پێیان بڵێ دۆخێکی ناچارییە و چارەی دیکەم نییە. ئەگەر رەزامەندی بدەن، رەنگە رێگەت پێبدەن و بە پاسپۆرتێکی کاتی بۆ مانگێک بچیت و بێیتەوە." ئەگەرنا، لێستاندنەوەی مافی پەنابەری دەکرێ کەسەکە بخاتەوە نێو دۆخی دۆڵدۆنگ ، واتە چاوەڕوانیی بەبێ هەبوونی مافی مانەوە.
دوایین خولەکی دیپۆرتکردنەوە و رۆڵی دادگا
لەبارەی راگرتنی دیپۆرتکردنەوە لەنێو سەنتەرەکان یان فڕۆکەخانەدا، ئەو پارێزەرە رەتی دەکاتەوە هاوارکردن و خۆتووڕەکردن لە فڕۆکەخانە سوودی هەبێت و دەڵێ: "پۆلیس بە فڕۆکەیەکی دیکە و تیمی تایبەت هەر دەتنێرنەوە. تەنیا دادگای خێرا دەتوانێت بڕیارەکە رابگرێ، یان فڕۆکەوانەکە کە هەستبکات مەترسی لەسەر گەشتەکەی هەیە." بۆیە ئامۆژگاری دەکات پارێزەرەکەت دەستبەجێ تانە لە بڕیارەکە بدات و لەڕێگەی دادگاوە، بەتایبەتی ئەگەر کەسەکە هاوژین یان منداڵی لە ئەڵمانیا هەبێت، دیپۆرتکردنەوەکە رابگرێت.
رێنمایی بۆ گەیشتووانی نوێ و ئەوانەی لە کوردستانن
ئەمین موراد قاسم ئامۆژگاریی ئەوانە دەکات کە تازە دەگەنە ئەڵمانیا کە پێش کارکردن بچنە قوتابخانەی فێربوونی زمانی ئەڵمانی و دەڵێ: "لەلای فەرمانگەی پەنابەران کارکردن بڕیار لە دۆسێکەت نادات، بەڵکو زمان و بڕوانامە گرنگە. لەدوای رەتکرانەوەش لەلای فەرمانگەی بیانییەکان، ئەو دووانە دەتوانن مافی مانەوەت بۆ مسۆگەربکەن." بۆ ئەوانەیش کە لە باشووری کوردستانەوە دەیانەوێ بەفەرمی بۆ خوێندن یان کار بێنە ئەڵمانیا، دەڵێت پێویستە پێشوەختە خۆیان فێری زمان بکەن، گرێبەستی کۆمپانیایەکیان هەبێت و نەبنە بارگرانی بەسەر هاوکاریی دەوڵەتەوە.



