رووداو دیجیتاڵ
شەقامەکانی فەرەنسا بوونەتەوە گۆڕەپانی خۆپێشاندانە تووندەکان. تەنیا رۆژی سێشەممە 160 هەزار کەس رژانە سەر شەقامەکانی فەرەنسا، کە قوتابی و چالاکڤانانی سەندیکاکان بوون. خۆپێشاندانەکان ئەوەندە تووند بوون کە تاوەکو ئێستا 700 پۆلیس و 300 قوتابی و گەنجی خۆپێشاندەر بریندار بوون، زیاتر لە 6000 خۆپێشاندەریش دەستگیرکراون. جگە لەوەش، خۆپێشاندانەکان بۆ وڵاتانی وەک ئەڵمانیا، بەلجیکا و یۆنانیش تەشەنەیان سەندووە.
د. لوئەی جاف، ئەکادیمیستی کوردە کە چەندین ساڵە لە فەرەنسا دەژی. ئەو هاونیشتمانییە لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (دیاسپۆرا)ی ئەمجارەدا تووڕەیی خۆپێشاندەرانی بۆ چەند هۆکارێکی جیاواز گەڕاندەوە. بە گوتەی جاف، "دۆخی فەرەنسا لە هەموو روویەک، لە سیاسییەوە بگرە تاوەکو ئابووری، زۆر باش نییە. بێهیواییەکی گەورە لای گەنجان دروستبووە."
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ناڕەزایەتییەکان، سیستمی پەروەردەی فەرەنسایە. لوئەی جاف روونیکردەوە، "مامۆستایان و فەرمانبەرانی کەرتی پەروەردە لە دۆخی کارکردنیان ناڕازین،" "ئەو بودجەیەی بۆیان دابینکراوە و مووچەکەیان باش نییە." ئەمەش، وەک ئەو شارەزایە باسی دەکات، "وایکردووە جۆرێک لە ناڕێکخستن و پشێوی لە کەرتی پەروەردەدا دروستبێت."
جگە ئەوەش، ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر سیاسەتەکانی حکومەت لە بوارەکانی دیکەیشدا سەریانهەڵداوە. لوئەی جاف ئاماژەی بەوە کرد کە "لە 10 ساڵی رابردوودا کە سەرۆک ماکرۆن لە دەسەڵاتە، کارێکیان کردووە کە بەتایبەتی کەرتی تایبەت زیاتر بەهێزتر بێت لە کەرتی گشتی." ئەمەش وایکردووە هەستێک دروست ببێت لای ئەو کەسانەی لە کەرتی دەوڵەتیدان یان خەڵکی دەوڵەمەندن، کە تەنیا ئەوان "دەتوانن بچنە زانکۆی کواڵیتی بەرز بخوێنن، بەڵام ئەو کەسانەی ناتوانن ئەوە بکەن، ناچارن بچنە زانکۆکانی کەرتی گشتی، کە بەشێکی زۆریان کواڵیتییان رۆژ بە رۆژ بەرەو لاوازی دەڕوات."
سەبارەت بەوەی دەگوترێ رەنگە دەنگی دەستی دەرەکی وەکو رووسیا یان ئیدارەی ترەمپ لەپشت هاندانی ئەو خۆپیشاندان و تووندوتیژییانە بێ، د. لوئەی جاف گوتی، "رەنگە دەستی دەرەکی لە پشت ئەو خۆپیشاندانانەوە بێت، بەتایبەتی دوای ئەو هێرشە ئەلیکترۆنییەی کرایە سەر فەرەنسا و گومان دەکرێ رووسیا لە پشتییەوە بووێت". ئەمەش "وایکردووە هەستێکی خراپ لەلای خەڵک دروستببێت کە دەوڵەت ناتوانێ پارێزگارییان لێبکات." ئەو کەسایەتییە ئەکادیمییە کوردستانی و فەرەنسییە پێیوایە ئەمە "کاریگەرییەکی زۆری لەسەر دروستبوونی ئەو خۆپیشاندانانە هەبووە."



.jpg&w=3840&q=75)
