رووداو دیجیتاڵ
لە شاری ڤوپەرتاڵی ئەڵمانیا، سەنتەرێکی گەورەی چارەسەری سرووشتی (فیزیۆتێراپی) بووەتە جێگەی سەرنجی زۆر کەس، بەتایبەتی ئەستێرەکانی وەرزشی ئەڵمانیا. دامەزرێنەر و بەڕێوەبەرانی ئەو سەنتەرە شیار عوسمان و رەوان عوسمانن، دوو هاوژینی گەنجی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان، کە بە کارامەیی و شارەزایی خۆیان متمانەی خەڵکیان بەدەستهێناوە.
چیرۆکی سەرکەوتنی شیار و رەوان لە ئەڵمانیا لە ساڵی 2013 دەستیپێکرد، کاتێک سەنتەرەکەیان کردەوە.
شیار بە منداڵی هاتووەتە ئەڵمانیا. ئەو هاونیشتمانییە پێشتر لە ئەڵمانیا بڕوانامەی لە بواری فیزیۆتێراپی بەدەستهێناوە و زیاتر لە 15 ساڵە لەو بوارەدا کاردەکات.
رەوان لەدوای شەڕی نێوخۆی سووریا چووەتە ئەڵمانیا و فەرەنسی خوێندووە، ئێستاش بەڕێوەبەری سەنتەرەکەیە. شیار دەڵێت، "بۆ ئێمە شتێکی باشە کە پێکەوە کاردەکەین... زۆر دڵخۆشین."
لە سەنتەرەکەیاندا، شیار و رەوان گرنگییەکی زۆر بە چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشانە دەدەن کە کێشەی بڕبڕەی پشتیان هەیە. ئەوان ئامێرێکی پێشکەوتوویان هەیە کە بەشێوەیەکی کاتی و بێئازار یارمەتی کەمکردنەوەی ئازار و باشتربوونی دۆخی نەخۆشانی بڕبڕەی پشت دەدات.
رەوان لە کاتی بەشداریکردنی لە فیچەرێکی بەرنامەی دیاسپۆرای ئەمجارە لەبەردەم ئامێرەکان روونی دەکاتەوە کە ئەو ئامێرە بۆ ئەو کەسانەیە کە "کێشەی دەماریان هەیە، یان کێشەی دیسکیان هەیە" و یارمەتیان دەدات بۆئەوەی لە نەشتەرگەری دووربکەونەوە.
ژمارەیەک لە نەخۆشەکانی ئەم سەنتەرە، یاریزانە پیشەگەرەکانی ئەڵمانیان. شیار دەڵێت، "زۆر نەخۆشمان هەیە کە یاریزانن، لە دۆرتموندەوە دێن، لە کۆڵنەوە دێن."
یەکێک لە نەخۆشەکان، کە پێشتر کێشەی زۆری لە پشتی هەبووە و پزیشکەکان پێیان گوتووە دەبێت نەشتەرگەری بکات، سەبارەت بە ئەزموونی خۆی لەگەڵ شیار دەڵێت، "ئەو دەستێکی تەندروستی هەیە" و بەهۆی چارەسەرەکانی شیارەوە پێویستی بە نەشتەرگەری نەماوە.



.jpg&w=3840&q=75)
