رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 30 ساڵە نیشتمانەکەی جێهێشتووە و ناتوانێت جارێکی دیکە بۆنی خاکی زێدەکەی بکات، بەڵام هێشتا لەڕێگەی تابلۆکانیەوە پەیوەندییەکی قووڵی لەگەڵ رەگ و ریشەی خۆی هەیە. عەلی زولفەقار، شێوەکار و نیگارکێشی کوردی عەلەوی خەڵکی باکووری کوردستان، هونەرەکەی کردووەتە ئامرازێک بۆ دەربڕینی هەستەکانی و کێشانی سیمای کەسایەتییە جیاوازەکان.
ئەو هاونیشتمانییە لە فیچەرێکی زنار شینۆدا، کە لە بەرنامەی ئەمجارەی دیاسپۆرادا پەخشکرا، دەڵێ پێی وایە هەرچەندە هونەر ناتوانێ جیهان لە بێدادی رزگار بکات، بەڵام دەتوانێ دنیایەکی جوانتر بخووڵقێنێت.
لە ساڵی 2014ەوە عەلی لە شێوازی کێشانی تابلۆکانی گۆڕانکاری کردووە و چی دیکە بە رەنگ نیگاریان ناکات. ئەو هاونیتشتمانییە تەکنیکێکی جیاواز بەکاردەهێنێت و بە بەکارهێنانی رەنگی ئەسیدی، کە تایبەتە بە جلوبەرگ، تابلۆکانی لەسەر شووشە دەنەخشێنێت و زۆربەشیان پۆرترێتن. تابلۆکانی عەلی تەنیا وێنە نین، بەڵکو گوزارشتن لە پرسی ناسنامە و هەستکردن بە پەراوێزخستنی نەتەوەیی، ئایینی و کۆمەڵایەتی.
ئەو هاونیشتمانییە سەرەڕای ئەوەی نەیتوانیوە فێری زمانی کوردی بێت، بەڵام ئەمە نەبووەتە هۆی ئەوەی خۆی بە کورد نەزانێت.
ئێستا لە یەکێک لە کارگە کۆنەکانی ئاسن و پۆڵا لە ئەڵمانیا، کە کراوەتە مۆزەخانە، بەرهەمەکانی عەلی لەپاڵ کاری زۆرتر لە 70 شێوەکاری دیکەدا نمایشدەکرێن.
ئەو هاونیشتمانییە لەو پێشانگایەدا بە تابلۆی تایبەت بە ژنان بەشدارە، کە یەکێک لەوانە پۆرترێتی حەمیدە ئاکبایرە، پەرلەمانتاری پێشووی هەرێمی نۆردڕاین ڤێستفالن.
عەلی، زانستگەی هونەری لە شاری (ئەلازخ)ی باکووری کوردستان خوێندووە و یەکێکە لە شێوەکارە دیارەکانی باکووری کوردستان و تورکیا، بەڵام وەک خۆی دەڵێت، سەرەڕای ساڵانێکی زۆر لە دیاسپۆرا، هێشتا ئەڵمانیا نەبووەتە نیشتمانی دووەمی. بە تێگەیشتنە قووڵەکەی بۆ هونەر، عەلی تەنانەت تراژیدیا بچووکەکانیش دەکاتە بەرهەم. وەک ئەوکاتەی لە سەردەمی کۆرۆنادا کەسێک ماسکی کردبووە سەر تابلۆیەکی گرێتا تونبێرگ، ئەو هەر بەو شێوەیە لە پێشانگاکانیدا نمایشی کرد.


.jpg&w=3840&q=75)

