رووداو دیجیتاڵ
لەنێو کافێیەکانی لەندەن، پزیشکێکی ددان کە دیاسپۆرانشینێکی کوردستانییە و 30 ساڵە لە بەریتانیا دەژیت، لاپەڕە بە لاپەڕەی دەستنووسەکەی دەخوێندەوە و سەیری ئەملا و ئەولای خۆی دەکرد تاوەکو کەس فرمێسکەکانی نەبینێت. بۆ د. ئازاد شەوکەت، نووسینی رۆمانی (هانا) تەنیا گێڕانەوەی چیرۆکێک نەبوو، بەڵکو گەڕانەوە بوو بۆ ئەو شارەی هێشتا هەموو شەوێک خەون بەوێوە دەبینێت.
لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی (دیاسپۆرا)ی تۆڕی میدیایی رووداودا، ئاڵا شاڵی پەیامنێری رووداو، لە پەراوێزی کۆنفرانسی فیدراسیۆنی پزیشک و زانستیی کوردستان لە بەریتانیا، هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ د. ئازاد شەوکەتدا کردبوو. ئەو پزیشکە دیاسپۆرانشینە باسی چیرۆکی لەدایکبوونی رۆمانەکەی، یادەوەرییەکانی هەشتاکانی سلێمانی و ئەو دەنگەی کرد کە رۆحی بە قەڵەمەکەی بەخشی.
هۆنراوەکەی ئیسماعیل خورماڵی
د. ئازاد شەوکەت روونی دەکاتەوە کە ناونیشانی پەرتووکەکەی لە هۆنراوەیەکی شاعیری ناودار ئیسماعیل خورماڵییەوە وەرگرتووە. رۆمانەکە باسی ئەوینی تارا و ئاری دەکات لە هەشتاکانی سلێمانیدا. دوو گەنجی ساکار کە ئێواران لەدوای قوتابخانە لەژێر دارێکدا یەکدی دەبینن. رۆژێک ئاری دیار نامێنێت و تارا 6 هەفتە چاوەڕوانی دەکات. پزیشکە رۆماننووسەکە لەبارەی پاڵنەری نووسینەکەیەوە دەڵێت، هەر لە گەنجییەوە خولیای گۆرانی و هۆنراوەی کوردی بووە و 50 ساڵ ئەزموون و خوێندنەوەی تێدا کۆبووەتەوە، تاوەکو 2 ساڵ لەمەوپێش بە دەنگی هاوڕێیەکی بە ناوی دکتۆر سامان گوێی لەو گۆرانییە بووەتەوە، کە وەختی خۆی بورهان مەجید گوتوویەتی: "ئیتر یەکسەر وەک بڵێی دایگیرساندم، دەستبدەمە پێنووسەکەم و ئەمە بنووسم."
هەشتاکانی سلێمانی؛ ترس و گۆرانی پێکەوە
بۆ ئەو نووسەرە، سەردەمی هەشتاکانی سلێمانی تەنیا قۆناخێکی سیاسیی سەخت نەبوو لەژێر دەسەڵاتی سەدام حوسێن. ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت: "لە کاتێکی زۆر مەترسیداردا دەژیاین، پڕبوو لە گرتن و کوشتن و سێدارە. بەڵام لەگەڵ ئەو هەموو ناخۆشی و دەردەسەرییەشدا، پڕبوو لە گۆرانی، خۆشەویستی، شانۆ، هاوڕێیەتی و گاڵتە و گەپ؛ شارێک بوو بەئاسانی دەستی بەسەردا نەدەگیرا." ئەو هاونیشتمانییە بە تاسەوە بیری ئەو سەردەمە دەکات کە خۆشەویستی تێیدا بێ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تامێکی جیاوازی هەبوو، وەک شاعیر دڵشاد مەریوانی گوتوویەتی: "تا نامەیەکی داوەتێ پەڕوباڵی دەرکردووە، تا نامەیەکی داوەتێ تووشی سەت دەردی کردووە."
"ئێمە وڵاتی خۆمان بەجێهێشت، بەڵام وڵات ئێمەی بەجێنەهێشت"
هەرچەندە د. ئازاد شەوکەت ژیانێکی خۆشی لە بەریتانیا هەیە، بەڵام دان بە ئازارەکانی نامۆییدا دەنێت و دەڵێت، هێشتا بیری هاوڕێیەتی، ژیانی سادە، گەڕەک و جادە جوانەکانی سلێمانی و هونەر و میوزیکی ئەو شارە دەکات و دەڵێ: "ئەو 30 ساڵەی لێرەم، ئێستاش کە خەو دەبینم، ئەگەر خەوەکەم پەیوەندیی بە کەسانێک یان کاری خۆمەوە هەبێت لێرە، بەڵام پاشخانەکەم هەر سلێمانییە. ئێمە وڵاتی خۆمان بەجێهێشت، بەڵام وڵات ئێمەی بەجێنەهێشت و بەجێشمان ناهێڵێت."
پڕۆژەی 2 ساڵ و بەخشینی داهاتەکەی بە سلێمانی
نووسینی رۆمانەکە 2 ساڵی پێچووە و رۆژی وا هەبووە 10 بۆ 12 کاژێر بەسەریەوە ماوەتەوە. ئەو هاونیشتمانییە بە "خۆشترین شت لە ژیانمدا کردبێتم و جوانترین بەرهەمی خۆم" باسی بەرهەمەکەی دەکات و ئاشکرای دەکات کە پێش چاپکردن 100 جار پێیدا چووەتەوە و دەڵێ: "هەر 100 جارەکە گریاوم، چونکە هەشتاکان تراژیدیای زۆری تێدابوو، دەمەوێ خەڵک بیخوێنێتەوە و لەگەڵمدا بگری."
تاوەکو ئێستا 1000 دانە لە رۆمانی (هانا) چاپکراوە و نزیکەی 500 دانەی فرۆشراوە، تەواوی داهاتەکەشی بۆ رێکخراوی کوردستان تەرخانکراوە بۆ هاوکاریکردنی نەخۆشانی شێرپەنجە لە سلێمانی.



