رووداو دیجیتاڵ
لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا، پایتەختی دووەمی یەکێتیی ئەورووپا، دەنگی ستران و هەڵپەڕکێی کوردی هۆڵێکی تەنی، ئەویش کاتێک رێکخراوە کوردییەکان ئێوارەیەکی تایبەتیان بۆ کۆکردنەوەی کوردستانییانی هەر چوار پارچەی کوردستان سازکرد.
بەڕێوەچوونی ئەو چالاکییە، کە رۆژی 4ی 11ی 2026 سازکرا، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی (دیاسپۆرا)ی تۆڕی میدیایی رووداودا رووماڵ کرا. مەریەم شەمدین، سەرۆکی رێکخراوی دەنگ بۆ گۆڕانکاری لە فەرەنسا، بۆ رووداو باسی بیرۆکەی ئێوارە کولتوورییەکە دەکات و دەڵێت، لەگەڵ چەند رێکخراوێکی دیکەی کوردی لە ستراسبۆرگ بڕیاریان داوە ئێوارەیەکی کوردیی پەتی دروستبکەن.
شەمدین لەبارەی سەرەتای ئامادەکارییەکانەوە دەڵێت: "کاتێک لە دەستپێکدا پێکەوە دانیشتین، ئامانجمان ئەوە بوو کارێکی کورد و کوردەواری بکەین تاوەکو کوردەکانمان کۆبکەینەوە و لە دەوری یەکدی دابنیشین." بۆ ئەو مەبەستەش گۆرانیبێژ و هونەرمەندانیان لە باکوور، باشوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوای کوردستانەوە بانگهێشت کرد.
لە ئێوارەکەدا تەنیا میوزیک و گۆرانی پێشکێش نەکرا، بەڵکو نمایشی جلوبەرگی کوردی بۆ کراس و قەفتانی کوردی بەڕێوەچوو، لەگەڵ پێشکێشکردنی خواردنی کوردیی وەک ساڤار و نیسک بە گەرمی بۆ میوانان. بەگوتەی شەمدین، لەو رۆژەدا کوردی رۆژهەڵات، رۆژئاوا، باشوور و باکووری کوردستان پێکەوە لە هۆڵەکەدا ئامادەبوون و کەشێکی گەرمی برایەتییان خوڵقاند.
لەسەر سەکۆی ئاهەنگەکەشدا، رۆڵی مێژوویی هونەر بەبیری نەوەی نوێ هێندرایەوە و ئاماژە بەوە کرا: "گەنجەکانمان رەنگە باش نەزانن، بەڵام بەتەمەنەکانمان باش دەزانن کە گۆرانیی کوردی رۆژانێک شۆڕش بووە."



