رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی شاری برێمن لە ئەڵمانیا دەستی بە هەڵمەتێکی گەڕان کردووە بەدوای هاونیشتمانییەکی تەمەن 35 ساڵ بە ناوی عوسمان ئێس، کە تۆمەتبارە بە بەشداریکردن لە 5 رووداوی تەقەکردن لە شارەکە و دەوروبەری، کە تێیاندا کەسێک کوژراوە.
ئەو دۆسێیە و کاردانەوەکانی لەنێو شەقامی ئەڵمانیادا، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی (دیاسپۆرا)ی تۆڕی میدیایی رووداودا وردەکارییەکەی باس کرا.
دۆسێی عوسمان ئێس ئێستا لەنێو رای گشتیی ئەڵمانیادا بووەتە هێمایەک بۆ مشتومڕ لەسەر کەمتەرخەمیی دامەزراوەکانی دەوڵەتی یاسا، دوای ئەوەی دەرکەوت ئەو تۆمەتبارە دەبوو چەندین مانگ پێشتر وڵاتەکەی بەجێبهێشتایە.
بەپێی زانیارییەکان، بەرلە رووداوەکانی تەقەکردن و لە مانگی 3ی ئەم ساڵدا عوسمان ئێس لەسەر چەند دۆسێیەکی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا و بڕیاری دیپۆرتکردنەوەی بۆ باکووری کوردستان و تورکیا دەرچووبوو. بەڵام لەدوای بڕیارێکی دادگا و پۆلیس، دیپۆرتکردنەوەکەی جێبەجێ نەکرا.
ئێستا عوسمان ئێس بەهۆی ئەو رووداوانەی تەقەکردنەوە کە کوژرانی کەسێکی لێکەوتووەتەوە، لەلایەن پۆلیسی برێمنەوە داواکراوە و هەڵاتووە. گەڕانیش بەدوایدا لە شارەکە و دەوروبەری بەردەوامە.



