رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزینی بەرچاوی تۆمارکرد؛ هۆکارەکەشی بۆ هەنگاوە بەرچاوەکانی دانوستاندنە ناڕاستەوخۆکانی نێوان واشنتن و تاران دەگەڕێتەوە، کە ترسی پچڕانی گواستنەوەی نەوتی لە ناوچەی کەنداو کەمکردووەتەوە.
بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت 1.12٪ دابەزی و بە 70 دۆلار و 77 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 1.33٪ دابەزی و گەیشتە 67.67 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
بەگوێرەی داتاکانی بازاڕ، نرخی نەوتی برێنت لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا بەڕێژەی 40٪ دابەزیوە، ئەمەش گەورەترین دابەزینی نرخە لەسەر ئاستی چارەکەکان لە دوای ساڵی 2020ـەوە.
دابەزینی نرخەکان دوای ئەوە هات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند دانوستاندنەکان لەگەڵ ئێران "بە باشی" بەڕێوەدەچن. دانوستاندنە ناڕاستەوخۆکانی نێوان هەردوو وڵات رۆژی سێشەممە لە دەوحەی پایتەختی قەتەر دەستیان پێکرد، کە تێیدا ستیڤ ڤیتکۆڤ، نوێنەری ئەمریکا و جەرید کۆشنەر، زاوای ترەمپ، ناڕاستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کۆبوونەوە.
وەبەرهێنەران وا دەڕوانن کە ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و تاران، دەبێتە هۆی هێوربوونەوەی گرژییەکان و کرانەوەی تەواوەتیی تەنگەی هورمز بەڕووی هاتوچۆی کەشتییە نەوتهەڵگرەکاندا.
کۆمپانیای (IG)ـی راوێژکاری لەو بارەیەوە رایگەیاند: "بازاڕ بە رادەیەکی زۆر گەشبینە بە ئاساییبوونەوەی گواستنەوەی دەریایی، ئەوەش هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخی نەوتە لەم چارەکەدا بە شێوەیەک کە لە دوای 2020ـەوە وێنەی نەبووە."
هاوکات بانکی (ING)ـی هۆڵەندی ئاماژەی بەوە کردووە، تەنیا لە رۆژی سێشەممەدا 11 کەشتی بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕیون؛ هەرچەندە ئەو ژمارەیە لە تێکڕای هەفتەی رابردوو کەمترە، بەڵام بانکەکە دەڵێت: "کەشتییەکان خەریکن بەرەو ناوەوەی کەنداو دەچن، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کۆمپانیاکانی کەشتیوانی متمانەیان بە دۆخی تەنگەی هورمز هەیە."



